رۆما میوانداری خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەکات

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، رایگەیاند خولێکی نوێی گفتوگۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو لە شاری رۆمای پایتەخت بەڕێوەدەچێت.

چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆڕبەندی "ریمینی" ئاماژەی بەوە کرد، بونیادنانی ئاشتی لە لوبنان دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی ئارامی لە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هاوکات جەختی کردەوە، رۆما بە توندی پشتگیری لەم دانوستانانە دەکات، بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆی لەگەڵ جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەنجام داوە.

ئەنجامدانی ئەم گەڕەی گفتوگۆکانی دانوستان لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان، دەبێتە گەڕی هەشتەم کە ئەو دوو وڵاتە بە ئامانجی لێکتێگەیشتن و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان ئەنجامیانداوە.