سەرۆکوەزیرانی قەتەر سبەی سەردانی تاران دەکات

محەمەد عەبدولڕەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر سبەی پێنجشەممە سەردانی تاران دەکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی رێگەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و رەخساندنی دۆخێکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان.

چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئەم سەردانە لەسەر بنەمای هەڵوێستی نەگۆڕی قەتەر دێت، کە پێی وایە رێگەی دیپلۆماسی باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و پێویستیی گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ پێش رێکەوتی 28ـی شوبات دەکرێت.

لە بەرامبەردا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەردانەکەی محەمەد عەبدولڕەحمانی بۆ تاران پشتڕاستکردەوە.

بەقایی گوتی: "سەردانەکە لە چوارچێوەی راوێژە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و قەتەر دێت بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، قەتەر لە چەند مانگی رابردوودا هەوڵی نێوەندگیری داوە بۆ یارمەتیدان لە رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، هاوکات روونیکردەوە، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، بیروڕا لەبارەی بەردەوامیی هەوڵ و دەسپێشخەرییەکانی نێوەندگیریی قەتەر و پێشهاتەکانی دیکەی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ دەکات.