سۆران بەهۆی ئاگرەوە نزیکەی 10 دۆنم پووش و پاوان سوتا
پەیامنێری کوردستان24 لە سۆران رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی مووشەکییەوە ئاگرێکی گەورە لە دەوروبەری گوندی "بادلیان" لە سنووری قەزای سۆران کەوتەوە.
پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە سۆران رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکەوە کە دەگوترێت مووشەکی بالیستی بووە، ئاگڕێک لەو ناوچەیە کەوتووەتەوە، گوتیشی، تیمەکانی بەرگری شارستانی بە هاوکاری پۆلیس و ئاسایشی ناوچەکە توانییان لە کاتێکی کەمدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگری بکەن لەوەی بگاتە ناو ماڵەکانی گوندەکە کە کەمتر لە کیلۆمەترێک لە شوێنی رووداوەکەوە دوور بوون.
گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 رایگەیاند، ئاگرەکە بەهۆی مووشەکێکی ئاراستەکراو بووە، کە لە پشت گوندەکە کەوتووەتە خوارەوە. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، نزیکەی 5 بۆ 10 دۆنم لە پووش و پاوان و ژینگەی ناوچەکە سووتاوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەر هاووڵاتییان نەکەوتووە.
رەوشی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە سنوورییەکان تەنیا لە سۆران نەبووە، بەڵکو هاوکات ئاگر لە سنووری قەزای سیدەکان و ناحیەی سمیلانیش کەوتووەتەوە، تیمەکانی فریاگوزاری لەو ناوچانەش توانیویانە ئاگرەکان بکوژێننەوە و رێگری لە تەشەنەکردنیان بکەن، بەمەش زیانەکان تەنیا بە پوش و پاوانی ناوچەکە سنووردار کراون.
رێکارە ئەمنییەکان لە ناوچەکە چڕکراونەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی وردەکاری زیاتری هێرشە مووشەکییەکە و سەرچاوەی تەقەکردنەکە بەردەوامن.