بلومبێرگ: ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا باس لە ئاسایشی گەرووی هورمز دەکات
ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا لەبارەی ئاسایشی گەرووی هورمز گفتوگۆ دەکات و پلانی هەیە دوای گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران، لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی کۆبێتەوە، ئامانجی ئەو کۆبوونەوەیە تاوتوێکردنی هەماهەنگییەکانە سەبارەت بەو ئەرکەی بە دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز ناسراوە.
پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026، بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، پێشتر پلانی وا دانرابوو ئەو گفتوگۆیانە لە چوارچێوەی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا ئەنجام بدرێن کە ئەمریکا رێکی دەخات، لە راپۆرتەکەی ئاژانسەکەدا هاتووە: "فەرماندەییی سەربازیی ئەمریکا پلانی هەیە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، لەگەڵ هاوتا ئەوروپاییەکانی کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەماهەنگی لەسەر ئەرکی دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز".
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ لایەنی عومانیدا کار دەکەن بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی کاتیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و پاککردنەوەی هاوبەشی رێڕەوەکە لە مین. هەردوو لا رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان بۆ دامەزراندنی رێڕەوێکی هەمیشەییی کەشتیوانی لەو گەرووەی ئێستا داخراوە.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەکۆی ترووسۆشیاڵ رایگەیاند، سەبارەت بە لادان یان تەقاندنەوەی مینەکان لە گەرووی هورمز کار دەکەن.