ئەمریکا لە بارەی هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناتۆ هۆشداری بە مۆسکۆ دەدات

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رایگەیاند، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا ئەم هەفتەیە سەردانی مۆسکۆی کردووە، ئامانجی ئەو سەردانە هۆشداریدان بووە بە رووسیا لە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناتۆ.

پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026، رۆژنامەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، واشنتن نیگەرانییەکی زۆری لە ئەگەری هەوڵدانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەیە بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ناتۆ بەمەبەستی بەرگریکردن لە ئەندامانی. ئەوەش لە رێگەی هێرشێکی سنووردارەوە دەبێت کە رەنگە وڵاتانی باڵتیک بگرێتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەو سیناریۆیانەی واشنتن لێی دەترسێت بریتییە لە هێرشی ئەلیکترۆنی، کردەی توندوتیژی سنووردار، یان چوونەژوورەوەی سەربازی کورتخایەن بۆ ناو خاکی یەکێک لە وڵاتانی هاوپەیمانییەکە. راتکلیف لە سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکانی رووسیا کۆبووەتەوە، بەڵام دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین پشتڕاستیکردەوە کە راتکلیف لەگەڵ پووتین کۆنەبووەتەوە.

گوتەبێژی کرێملین روونیکردەوە، سەرۆکی رووسیا لە ئەنجامی دانوستانەکان ئاگادارکراوەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی گڵێن بێک گوتی: "سەردانەکەی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی بۆ رووسیا رەنگە ئەنجامێکی لێ بکەوێتەوە".

راتکلیف کە یەکێکە لە نزیکترین راوێژکارەکانی ترەمپ، دوایین بەرپرسی باڵای ئەمریکییە سەردانی مۆسکۆی کردووە. ئەو سەردانە دوای چەند سەردانێک دێت کە ستیف ویتکۆڤ، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دانوستانەکانی ئاشتی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا کردوونی.

دوایین سەردانی ناسراوی بەڕێوەبەرێکی دەزگای هەواڵگری ناوەندی بۆ پایتەختی رووسیا دەگەڕێتەوە بۆ تشرینی دووەمی 2021، کاتێک ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری پێشووتری دەزگاکە، سێ مانگ بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیا لەگەڵ پووتین کۆبووەوە.