لە سوید فێستیڤاڵی کولتووری کوردی بەڕێوەدەچێت

​لە چوارچێوەی چالاکییە کولتووری و هونەرییەکان دا،  فێستیڤاڵێکی بەرفراوان و تایبەت بە کولتوور و هونەری کوردی، بەبەشداری 10 هونەرمەندی دیاری کورد، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوەدەچێت.

پێنجشەممە، 27ی ئابی 2026، حەمید عوسمان، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "دەستپێکی فێستیڤاڵەکە بە کەشوهەوایەکی نیشتمانییانە دەستپێدەکات؛ سروودی نیشتمانی "ئەی رەقیب" لەلایەن سەرجەم هونەرمەندانی بەشداربوو دەگوترێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە ئێمە رێز  لە مێژوو و ناسنامەی خۆمان دەگرین. دوابەدوای ئەوە، وتاری پێشوازی پەیوەندیدار بە ئامانجەکانی فێستیڤاڵەکە لەلایەن رێکخەرانی چالاکییەکە پێشکەش دەکرێت."

گوتیشی، "​لە بەشی هونەریی فێستیڤاڵەکەدا، ئێمەی هونەرمەندان بانگهێشتی سەر شانۆ دەکرێین و بە پێشکەشکردنی گۆرانی و ئاوازی رەسەنی کوردی، فێستیڤاڵەکە وەک تابلۆیەکی رەنگاواڵە دەڕازێنینەوە و جۆش و خرۆشی تایبەت بە ئاهەنگەکە دەبەخشین."
 
حەمید عوسمان باس لە بەشی پەراوێزی فێستیڤاڵە کولتوورییەکە دەکات و دەڵێت، "لە پەراوێزی ئەم فێستیڤاڵە کلتورییەدا، گرنگییەکی زۆر بە ناساندنی خواردنی رەسەنی کوردی دەدرێت. چەندین شێف و خاوەن چێشتخانەی کوردی دیار بەشدارییان تێدا کردووە، لە کەنار و ئۆردوگاکانی فێستیڤاڵەکەدا جۆرەها خواردمەنی، شیرینی، ساردەمەنی و چێشتی بەتام ئامادە دەکرێت. میوانان و بەشداربووان دەتوانن تام لە جۆرەها خواردنی تێکەڵاوی کوردی و رۆژئاوایی وەربگرن کە بە دەستی لێهاتووانەی شێفە کوردەکان ئامادە دەکرێت."

ئەو هونەرمەندە جەختی لەوەش کردەوە، "ئەگەرچی فێستیڤاڵەکە بە ناونیشانی کولتوری کوردی رێکخراوە، بەڵام دەرگاکانی بەڕووی تەواوی پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکاندا واڵا دەبێت. لەناو ئامادەبوواندا رەنگدانەوەی فرەنەتەوەیی وەکو، سویدی، ئەفغانی، ئێرانی، پاکستانی، سۆماڵی، عەرەب، تورک، بەنگلادیشی و چەندین نەتەوەی تر کە لە وڵاتی سویددا دەژین، دەتوانن ئامادەبن لەو فێستیڤاڵە. ئەم ئامادەبوونە فراوانە دەبێتە رەنگدانەوەی پەیوەندییەکی بەهێزی کولتووری و ئاشناکردنی بیانییەکان بە رەسەنایەتی و میوانپەروەریی کورد."

​حەمید عوسمان باس لە دڵخۆشی خۆی بۆ بەشداریکردن لەو فێستیڤاڵە کوردانەیە دەکات و دەڵێت، "بۆ من جێگەی شانازییەکی گەورەیە کە دەتوانم لە نزیکەوە خزمەت بە هاونیشتمانیانم و میوانە ئازیزەکان بکەم. من پێشتر تەنیا لە ئاهەنگە گەورەکانی وەک نەورۆز یان هەندێک بۆنەی تایبەت بەشداریم کردووە، بەڵام بەشداریکردن لە فێستیڤاڵێکی وا سەربەخۆیی کوردی دڵخۆشییەکی تایبەتم پێ دەبەخشێت. هیوادارم بتوانم بەردەوام بم لەسەر ئەم خزمەتە؛  بێ دوودڵی ئامادەم لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بە دەنگ و هونەرەکەم خزمەت بە کورد و هاوڕێیانم بکەم."

هونەرمەندانی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە بریتین لە، سامان پیانۆ، حەمید عوسمان، ئەیاد حوسێن، رەوەند ئازاد، هونەر محەمەد، نەجمەدین غوڵامی، لازۆ دیجەی، فریاد، خێرۆ مەلە، کاوە حەداد. 

فێستیڤاڵی کولتووری کوردی، بەبەشداری 10 هونەرمەندی دیاری کورد، بڕیارە رۆژی شەممە، 29ی ئابی 2026، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوەبچێت.