دوای هەڵگرتنی سزاکان ئەحمەد شەرع بە "ڤیزاکارت" پارەی قاوەکەی دا
سووریا دوای سڕینەوەی ناوی لە لیستی رەشی ئەمریکا، بە فەرمی گەڕایەوە نێو سیستەمی بانکیی جیهانی.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پیشاندانی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا و گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ نێو سیستەمی بانکیی جیهانی؛ سەردانی یەکێک لە قاوەخانەکانی پایتەختی کرد. دوای خواردنەوەی قاوەکەی، یەکەم پڕۆسەی پارەدانی بە کارتی بانکیی نێودەوڵەتیی "ڤیزاکارت" بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد.
ئەنجامدانی ئەم یەکەم مامەڵەی پارەدانە بە "ڤیزاکارت" لە نێوخۆی سووریادا، کۆتایی بە دابڕانێکی دارایی سەخت دەهێنێت کە پێشتر هەموو کەرتی ئابووریی وڵاتەکەی خنکاندبوو. بەمەش سووریا دوای هەڵگرتنی سزاکان بە فەرمی گەڕایەوە نێو سیستەمی بانکیی جیهانی.
Syrian President Ahmad al-Sharaa made a Visa card payment at a Damascus restaurant, marking a symbolic step in Syria’s return to the global financial system after years of sanctions. pic.twitter.com/ZKFGeysb9L
— Clash Report (@clashreport) August 27, 2026
سەفوەت رەسلان، پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا ئاشکرای کرد، دوای سڕینەوەی ناوی وڵاتەکەی لە لیستی پاڵپشتیکارانی تیرۆری واشنتن، هەموو ئەو سزایانەی رێگرییان لە کۆمپانیاکانی "ڤیزاکارت" و "ماستەرکارت" دەکرد بە فەرمی هەڵگیراون.
پارێزگاری بانکی ناوەندی پێداگریی لەوە کرد، چیتر سیستەمی بانکیی سووریا لە جیهان دابڕاو نییە. هەروەها هاووڵاتییان دەتوانن بە ئاسانی سوود لە هەموو خزمەتگوزارییە داراییە نێودەوڵەتییە جێگیرەکان وەربگرنەوە.
کاراکردنەوەی "ڤیزاکارت" و "ماستەرکارت" لە سووریادا، دەروازەیەکی گەورەیە بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی. هەروەها دەبێتە هۆی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ژێرخانی وێرانبووی بازرگانیی دەرەکی لە وڵاتەکەدا.
دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا لە کۆتایی ساڵی 2024 و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرع، هەوڵەکان بۆ کرانەوەی دیمەشق بەڕووی جیهاندا چڕتر بوونەوە.
لەم دواییانەدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە فەرمی ناوی سووریای لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر سڕییەوە، ئەمەش دوای دەیان ساڵ لە مانەوەی لەو لیستەدا.
بڕیارەکەی واشنتن بە پاڵپشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا درا بۆ ئەوەی رێگە بدرێت ئابووریی سووریا دووبارە ببوژێتەوە.