هەولێر ئامادەیە 50 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات

بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مەرجی هەرێمی کوردستانی بۆ رادەستکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا لە بەرانبەر ناردنی بەنزین ئاشکرا کرد، هاوکات شاندێکی وەزارەتەکەش بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە لە بەغدایە و لەگەڵ لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامادەن 50 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکەن لە بەرانبەر ئەوەی بەغدا بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە نێوخۆدا بەردەوام دەبێت، داواشیان کردووە بۆ وەرزی زستان نەوتی سپی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

لێدوانەکانی ئەحمەد موفتی لە کاتێکدایە شاندێکی باڵای وەزارەتەکە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی بەنزین سەردانی بەغدای کردووە. 

شاندەکە لە ئەحمەد موفتی، د. غەزال هۆستانی، بەڕێوەبەری گشتیی گرێبەست و ئابووری، د. بەرۆژ سندی، راوێژکاری باڵای وەزارەت، رێبین زەنگەنە، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری وردبینیی وەزارەت پێکهاتووە.

شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لێژنەی کاتیی نەوت و گازی پەرلەمان کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەری کێشەی بەنزین. 

لە کۆبوونەوەکەدا شاندەکە بە داتا و زانیاریی ورد، پرۆسەی پاڵاوتنی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی وەک پشکی کوردستان دیاری کراوە خستە روو.

هاوکات پێداویستیی راستەقینەی هەرێمی کوردستان بە سووتەمەنی و بەتایبەتی بەنزین بۆ ئەندامانی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمان ئاشکرا کرا. 

بڕیاریشە راپۆرتێکی ورد لەبارەی کێشەی بەنزینی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ بکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.