ئیدریس مەلا حەکیم نوێترین ڤیدیۆکلیپی خۆی بە ناوی "گیانی من" بڵاوکردەوە
هونەرمەند ئیدریس مەلا حەکیم نوێترین بەرهەمی هونەریی خۆی لە قالبێکی درامیی پڕ لە سۆزدا بە ناوی "گیانی من" بڵاوکردەوە، کە گوزارشت لە داستانێکی قووڵی دابڕان و حەسرەتی نێوان باوک و کچ دەکات.
ئەم بەرهەمە کە وەک چریکەی باوک و کچ وەسف کراوە، تەنیا گۆرانی و مۆسیقا نییە، بەڵکو گەیاندنی پەیامێکی پڕ لە وەفا و ئومێدە بۆ هەموو ئەو باوکانەی بەهۆی دووری و دابڕانەوە لە رۆڵەکانیان تاڵی و ئازاریان چەشتووە. چەمکی سەرەکیی کلیپەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێچەوانەی قورسیی تاقیکردنەوەی دابڕان، سۆزی ڕاستەقینەی باوکانە و ئومێدی دووبارە بە یەکگەییشتنەوە هەرگیز لەناو ناچێت.
تێکستی بەرهەمەکە بە هاوبەشی لە لایەن کامەران هەولێری و شێرکۆ ئەحمەد نووسراوە و مێلۆدییەکەشی لەلایەن کامەران هەولێری دانراوە. لە رووی بینراوەوە، دانا محەمەد کاری سیناریۆ و دەرهێنانی بۆ ئەنجام داوە، هەروەها سەنعان هەولێری وەک بەڕێوەبەری کامێرا و یوسف ستار کاری کامێرایان بۆ کلیپەکە کردووە. لە لایەنی مۆسیقیشەوە، گرووپی کورد سترینگ لەگەڵ زانا ئانوەر بۆ ژەنینی صۆڵۆی قانون بەشدارییان کردووە و هونەرمەند ادریس مەلا حەکیم خۆیشی ژەنینی صۆڵۆی عودی لە ئەستۆ گرتووە.