زانکۆی سۆران رێنماییەکانی وەرگرتنی قوتابییانی بەشەناوخۆیی بڵاوکردەوە
بەڕێوەبەرایەتیی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سۆران ئاگادارییەک ئاراستەی قوتابیانی زانکۆکە دەکاتەوە و خشتە و رێنماییەکانی وەرگرتنی شوێنی مانەوە لە بەشەناوخۆییەکان بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) بۆ هەردوو ڕەگەز رادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ هەینی، 28ـی ئابی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سۆران، پڕۆسەی وەرگرتنی شوێن لە بەشەناوخۆییەکان لە هۆڵەکانی (G13) و (G14) لە فاکەڵتیی ئاداب، لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی تا 1:00ی دوای نیوەڕۆ بەپێی ئەم خشتەیەی خوارەوە دەبێت:
رۆژی دووشەممە (31ی ئابی 2026): فاکەڵتیی پەروەردە.
رۆژی سێشەممە (1ی ئەیلوولی 2026): فاکەڵتییەکانی زانست و ئەندازیاری.
رۆژی چوارشەممە (2ی ئەیلوولی 2026): فاکەڵتیی ئاداب.
رۆژی پێنجشەممە (3ی ئەیلوولی 2026): فاکەڵتیی یاسا، زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن.
هەروەها مەرج و رێنماییەکانی بڵاوکردووەتەوە بەمشێوەیە:
پابەندبوون بە کات و رێکەوت: پێویستە قوتابیان تەنیا لە رۆژی دیاریکراوی خۆیاندا سەردان بکەن؛ لە دوای کاتژمێر 1:00ی دوای نیوەڕۆ و دوای تێپەڕبوونی رۆژەکان، هیچ مامەڵەیەک وەرناگیرێت.
بەڵگەنامە پێویستەکان: پێویستە قوتابی ناسنامەی (باج)ی بەشەناوخۆیی ساڵی خوێندنی (2025-2026) لەگەڵ وێنەیەکی مامەڵە پێ بێت.
وەرگرتنی شوێن بۆ هاورێیان: قوتابی دەتوانێت شوێن بۆ هاورێکەشی وەربگرێت، بە مەرجێک باجی رەسەن (ئەسڵی) و وێنەی مامەڵەی هاورێکەی پێ بێت.
قوتابیانی نوێ: ئەو قوتابییانەی تازە دەبنە بەشەناوخۆیی، دوای تەواوبوونی ئەم خشتەیەی سەرەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکەن.
تێچووی خوێندنی پاراڵێل و ئێواران: بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027)، بڕی 165 هەزار دینار لە قوتابیانی پاراڵێل و ئێواران بە شێوەی قست وەردەگیرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت قوتابی پێشتر سەردانی بەشی دارایی زانکۆ بکات بۆ وەرگرتنی پسوولەی پارەدان.
شوێنی مانەوەی کچانی خوێندنی ئێواران: قوتابیانی کچی خوێندنی ئێوارانی فاکەڵتییەکانی ئاداب و پەروەردە، لە باڵەخانەیەکی تایبەت لە نزیک کەمپەسی زانکۆ نیشتەجێ دەکرێن.