سابیر رەشید 'کاروانی چیرۆکی کوردی' لە دوو بەرگدا بڵاوکردەوە

سابیر رەشید، نووسەر و چیرۆکنووس، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناونیشانی "کاروانی چیرۆکی کوردی" چاپ و بڵاوکردەوە. ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، "زیاتر لە ساڵێک خەریکی ئامادەکردنی ئەم کتێبە بووم و وەک توێژینەوەیەکی زانستیی هەمەلایەن پێشکەشی کتێبخانەی کوردیم کردووە."

هەینی، 28ی ئابی 2026، سابیر رەشید، نووسەر و چیرۆکنووس بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو کتێبە نوێیەم، لە دوو بەرگ پێکهاتووە و لە دوتوێی 818 لاپەڕەدایە، بەشێوەیەکی ئەکادیمیی باسم لەبارەی مێژوو و ئەدەبیاتی چیرۆکی کوردی کردووە، تێیدا بۆ یەکەمجار توێژینەوەی گشتگیرم بۆ چیرۆکی کوردی لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان و دیاسپۆرا کردووە و زیاتر لە ساڵێک خەریکی ئامادەکردنی ئەم کتێبە بووم و وەک توێژینەوەیەکی زانستیی هەمەلایەن پێشکەشی کتێبخانەی کوردیم کردووە."

گوتیشی، "کتێبەکەم لە شەش بەشی سەرەکی پێکهاتووە، ​بەشی یەکەم، تەرخانکراوە بۆ پێشەکییەکی ئەکادیمی لەسەر میتۆدی توێژینەوەکە، سەرەتاکانی پێش چیرۆکی نووسراو لە ئەدەبی کوردیدا، رۆڵی ئەدەبی زارەکی "داستان، حەقایەت، لاوک"، کاریگەری دەستنووسەکان، و پێشینەی چیرۆک لە فۆرمی شیعر و پەخشاندا. ​بەشی دووەم، دەستەواژە و چەمکەکانی سەرهەڵدانی چیرۆک و ئاڵۆزبەندییەکانی پۆلێنکردن و جۆری ئەدەبی دەخاتەمەڕوو. ​بەشی سێیەم، باسی کاریگەری و هۆکارەکانی کارتێکردن لەسەر چیرۆکی کوردی دەکەم."

سابیر رەشید باس لە بەشەکانی دیکەی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت، "هەروەها لە ​بەشی چوارەم، تیشک دەخەمە سەر قۆناخەکانی پێشکەوتن، نوێبوونەوە، و لایەنە هونەرییەکانی چیرۆک لە سەرجەم قۆناخەکاندا. ​بەشی پێنجەم، باسی سەرچاوەکانی چیرۆکی هونەریی کوردی دەکەم، کە بەسەر سێ سەرچاوەدا دابەش دەبن وەکو، فۆلکلۆری، ئەدەبی بێگانە، و ئاوێتەیەک لە نێوان هەردووکیاندا. ​بەشی شەشەم، شیکاری بۆ حەوت قۆناخی سەرەکیی چیرۆکی کوردی دەکەم."

دەربارەی ​نەخشاندنی خاڵە ونەکانی مێژووی چیرۆک لە کتێبەکەدا، سابیر رەشید دەڵێت، "جیاوازیی بنەڕەتیی ئەم کتێبە لەگەڵ توێژینەوەکانی پێشووترم دا ئەوەیە، توێژینەوەکانی پێشووم تەنیا باسی باشووری کوردستانم کردووە، بەڵام ئەم بەرهەمە تەواوی پارچەکانی کوردستان و بەشەکانی دیاسپۆرا و ناوچەکانی کوردانی ئەرمەنستان دەگرێتەوە و ​لە کتێبەکەدا وەڵامی زۆرێک لە پرسە سەرەکییەکانی وەکو یەکەم چیرۆک، یەکەم کورتیلەچیرۆک، یەکەم ناونان، و سەرهەڵدانی چیرۆکی هونەریی دەدەمەوە."

سابیر رەشید، لە ساڵی 1956 لە شەقڵاوە لەدایکبووە. قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر تەواوکردووە و لە ساڵی 1981 کۆلێژی یاسا و رامیاری لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە. خاوەنی زیاتر لە 24 کتێبە و چەندین کتێبی جۆراوجۆری ئەدەبیشی ئامادەیە بۆ چاپ.