ئێران پڕۆژەیەکی نوێ بۆ فراوانکردنی ئاسۆی گەشتیاری لەگەڵ عێراق رادەگەیەنێت

ئێران پلانێکی گشتگیری بۆ ماوەی ساڵێک ئامادە کردووە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ژمارەی گەشتیارانی لەگەڵ عێراق، بە شێوەیەک گەشتیاریی تەندروستی، بازرگانی و کولتووریش لەخۆبگرێت.

هەینی، 28ـی ئابی 2026، رەزا ساڵحی ئەمیری، وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری ئێران، دەستپێشخەرییەکی نوێی بۆ ماوەی یەک ساڵ راگەیاند، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی گەشتیارییە لە نێوان عێراق و ئێراندا، بە شێوەیەک بگاتە پێنج ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا بۆ هەر لایەک.

ساڵحی ئەمیری روونی کردەوە، کە ئەم دەستپێشخەرییە لەسەر بنەمای پێشنیارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق داڕێژراوە، کە لە میانی دوایین دیداری لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێراندا خستبوویەڕوو. 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا ئاستی ئاڵوگۆڕی گەشتیاران گونجاوە، بە جۆرێک ساڵانە نزیکەی 3.6 ملیۆن گەشتیاری عێراقی سەردانی ئێران دەکەن، لە بەرامبەردا 3.5 ملیۆن گەشتیاری ئێرانی روو لە عێراق دەکەن.

وەزیرەکەی ئێران دەڵێت: بە پێی پلانە نوێیەکە، هەوڵەکان تەنیا لەسەر گەشتیاریی ئایینی چڕ نابنەوە، بەڵکو کار دەکرێت بۆ هەمەجۆرکردنی بوارەکانی گەشتکردن، لەوانەش پەرەپێدانی گەشتیاریی پزیشکی، گەشتوگوزاری کات بەسەربردن، بازاڕکردن، هاوکاریی کولتووری و ئەکادیمی لە نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێدا.