پووتین: رووسیا لە جەنگێکی چارەنووسسازدایە بۆ پاراستنی ئێستا و داهاتووی خۆی
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ئێستادا لە ناو جەنگێکدایە بۆ پاراستنی ئێستا و داهاتووی نیشتمان، داواشی لە سەرجەم هاووڵاتیان کرد بەشدارییەکی کارا بکەن بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتنی هاوبەش.
هەینی 28ـی ئابی 2026، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە میانی بەشداریی لە کۆڕبەندی بیرۆکە بەهێزەکان بۆ سەردەمێکی نوێ کە لە شاری نیژنی نۆڤگۆرۆد بەڕێوەچوو، گوتی: "بۆ ئەوەی وڵات بە متمانە و سەرکەوتوویی گەشە بکات، بەشداریی هەر تاکێک گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەیە، جا ئەو کەسانە خۆبەخش بن، یان کارمەندی رێکخراوە ناحکوومییەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، یان بەرپرس و ئەندازیار و کرێکار و خاوەنکار بن."
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی تێدەکۆشێت بۆ پاراستنی داهاتووی خۆی، داواشی کرد سوود لەو ئەزموونە تەکنیکییانە وەربگیرێت کە سەربازان لە میانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەتدا بەدەستیان هێناوە بۆ گەشەپێدانی کەرتە سەربازی و مەدەنییەکان.
پووتین جەختی لەوە کردەوە، ئەرکی دەوڵەت و کۆمەڵگەیە زەمینە خۆش بکەن بۆ ئەوەی ئەو جەنگاوەرە دێرینانەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان گەڕاونەتەوە، بتوانن لە بوارەکانی ئابوری، کارگێڕی و کەرتی کۆمەڵایەتیدا بەردەوام بن لە خزمەتکردنی نیشتمان.
گوتیشی،"رەوتی داهێنانەکان و تەکنەلۆژیا ناوخۆییەکان دەبێت لە کالینینگرادەوە تا ڤلادیڤۆستۆک سەرجەم ناوچەکانی رووسیا بگرێتەوە"، پووتین ئاماژەی بەوەش کرد ئەو پڕۆژانەی لەلایەن ئاژانسی دەسپێشخەرییە ستراتیژییەکانەوە پێشکەش دەکرێن، دەبنە بزوێنەرێکی نوێ بۆ گەشەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی وڵات.
پووتین رایگەیاند، ئاژانسی ناوبراو کار لەسەر ئامادەکردنی وەشانێکی نوێی ئەتڵەسی لێهاتووییە مەدەنی و سەربازییەکانی داهاتوو دەکات، کە ئامانج لێی نەخشاندنی ئاسۆی دەیان ساڵی داهاتووی وڵاتە، هەروەها پووتین ئاژانسەکەی راسپارد کە هاندەری زیاتر بۆ کەرتی تایبەت دابنێن تاوەکو وەبەرهێنان لە پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکاندا بکەن.
ئەم قسانەی پووتین دوای ئەوە دێت، هێرشەکانی ئۆکرانیا بە هاوکاریی وڵاتانی ئەوروپا بۆ سەر دامەزراوە و بنکە سەربازییەکانی رووسیا زیادیکردووە، هاوکات وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەت فەڕەنسا بە راشکاوانە رایگەیاندووە، لە جەنگی دژ بە رووسیا هاوکاری تەواوەتی ئۆکرانیا دەکەن، لە بەرامبەرادا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە باشی درکی بەوە کردووە کە ئەوروپییەکان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانیان و شکست هێنان بە رووسیا دژایەتی وڵاتەکەی دەکەن و لە لایەنی دارایی وسەربازییەوە هاوکارییەکانیان بە کیێڤ دەدەن، گوتیشی،" ئەو کارەی ئەوروپییەکان جێگای قبوڵکردن نییە و لە داهاتوودا باجەکەی دەدەنەوە".