دیموکراتەکان داوا دەکەن جەنگ دژی ئێران کۆتایی پێبهێندرێت

سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای دوورخستنەوەی پیت هێگست لە پۆستەکەی و کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکات.

هەینی 28ـی ئابی 2026، حەکیم جەفریز، سەرۆکی فراکسیۆنی دیموکراتەکان لە پەرلەمانی ئەمریکا داوای کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کرد کە دژی ئێران بەڕێوەدەچێت، هاوکات جەفریز داوای کرد پیت هێگست، وەزیری بەرگری لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

جەفریز لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس روونیکردەوە، ئەو جەنگە بێباکانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری بەشداریکردنی تێدا داوە، شەش مانگە بەردەوامە، هەروەها گوتی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەشێک لە کۆمارییە توندڕەوەکان پێشتر بەڵێنی ئەوەیان دابوو نەچنە ناو هیچ جەنگێکی دیکەی شکستخواردوو، بەڵام کردەوەکانیان پێچەوانەی ئەو بەڵێنانە بووە.

جەفریز جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕانکارییەکان کردەوە و گوتی: "پێویستە پیت هێگست لەسەر کار لابدرێت، هەروەها جەنگەکە کۆتایی پێبهێندرێت و پارەی باجدەران بۆ ئاسانکاریی بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی ئەمریکا خەرج بکرێت نەک بۆ خەرجی جەنگێک کە ئەمریکا بەرەو قەیران دەبات".