بانکی ناوەندیی ئەمریکا: رێژەی هەڵاوسان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان مایەی نیگەرانییە

سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی ساڵانەی پارێزگارانی بانکە ناوەندییەکان لە جاکسۆن هۆڵ، رایگەیاند، رێژەی هەڵاوسانی ئابووری لە ویلایەتە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە مایەی نیگەرانییە.

هەینی 28ـی ئابی 2026، کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارێکدا کە بە مەبەستی تاوتوێکردنی سیاسەتی سوودی بانکی ئامادەکرابوو، گوتی: "سەبارەت بە ئەرکەکەمان بۆ دڵنیابوون لە جێگیریی نرخەکان، دەرکەوتووە کە ئامارەکان زیاتر مایەی نیگەرانین"، ئەو لێدوانە ئەگەرێکی بەهێز لەلای شیکەرەوان دروست دەکات کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە داهاتوودا پەنا بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی ببات.

بانکی ناوەندی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە ئامانجە درێژخایەنەکەی خۆی بۆ هێشتنەوەی هەڵاوسان لە ئاستی 2%ـی بەدیبهێنێت، بەگوێرەی پێوەرەکانی خەرجیی بەکارهێنانی کەسی، ئەو رێژەیە لەم هەفتەیەدا گەیشتووەتە 3.7%ـی، وارش جەختی لەوە کردەوە، پێویستە بانکی ناوەندی لەم کاتەدا چڕکردنەوەی سەرەکیی خۆی بخاتە سەر نرخەکان.

بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ساڵی 2026ـدا رێژەی سوودی بانکی بەبێ گۆڕان هێشتووەتەوە، بەڵام ژمارەیەک لە داڕێژەرانی سیاسەتەکان داوای بەرزکردنەوەی خێرای رێژەی سوود دەکەن، ئەوان ئەم داواکارییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڵاوسانە دەگێڕنەوە کە بەهۆی جەنگی دژی ئێران و سیاسەتە گومرگییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دروستبووە.

سەرەڕای نیگەرانییەکان، وارش ئاماژەی بە هەندێک لایەنی ئەرێنیی ئابووری کرد و گوتی، "من سەرسامم بە ئاستی گشتیی ئابووری کە دەردەکەوێت گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە"، وارش لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە ئامارەکانی پەیوەندیدار بە خەرجیی سەرمایەی کۆمپانیاکان، قازانج و خەرجیی بەکارهێنەران کرد.

بانکی ناوەندی ئەرکێکی دوولایەنەی لە ئەستۆدایە، کە بریتین لە هێشتنەوەی هەڵاوسانی درێژخایەن لە ئاستی 2%ـی و گەیشتن بە بەرزترین ئاستی هەلی کار، هەرچەندە گۆڕانکارییە دیموگرافییەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بەتەمەنبوون و دابەزینی رێژەی پاکی کۆچکردن کاریگەرییان لەسەر ئامارەکانی گەشەی هەلی کار هەبووە، بەڵام رێژەی بێکاری لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی رێژەیی جێگیر ماوەتەوە.

وارش لە بارەی ئەرکی دووەمی بانکەکەوە گوتی: "سەبارەت بەو ئەرکەمان کە پەیوەندی بە زیادکردنی هەلی کارەوە هەیە، وڵاتەکەمان بەرەو ئاراستەیەکی باش دەچێت". هەروەها سەرۆکی بانکی ناوەندی کاریگەریی تەکنەلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکردی لەسەر ئابووری بە ساتێکی چارەنووسساز لە مێژوودا وەسف کرد.

وارش لە وتارەکەیدا باس لە پرسی سەربەخۆیی بانکی ناوەندی نەکرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بانکی ناوەندی لەلایەن ترەمپەوە رووبەڕووی دەستێوەردانی بێوێنە بووەتەوە. ترەمپ لە سەرەتای ئەم مانگەدا هەوڵیدا جارێکی دیکە لێزا کۆک، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگارانی بانکی ناوەندی لە کارەکەی دووربخاتەوە. سەرۆکی ئەمریکا چەندجارێک سووکایەتی بە جێگرەوەکەی پێشووی وارش، جێڕۆم پاوڵ، کردووە و داوای دابەزاندنی رێژەی سوودی بانکی کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەڵاوسان بەرز بووەتەوە.