هاوکێشەی جەنگی ئێران دوای شەش مانگ

ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشیەیتد پرێس" (AP) راپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، شەش مانگ بەسەر دەستپێکردنی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران تێپەڕی؛ جەنگێک کە بە ئامانجی لەمێژینەی داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی هێزی سەربازییەوە هەڵگیرسا، بەڵام هاوکێشە مەیدانی و سیاسییەکان بە ئاراستەیەکدا شکاونەتەوە کە تەواو پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ بووە.

لە 28ی شوباتی رابردوودا کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکانیان دەستپێکرد، ئامانجی سەرەکی بریتی بوو لە رووخاندنی دەسەڵاتی ئاینی لە تاران و هێنانەکایەی دەسەڵاتێکی لایەنگری رۆژئاوا، بەڵام دوای چەندین هەفتە لە بۆردوومانی چڕ و کوژرانی سەرکردە باڵاکانی، کۆماری ئیسلامی توانیی لە هێرشەکان دەرباز بێت و دەسەڵاتەکەی بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی توندڕەوتر و پتەوتر.

لەو بارەیەوە باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەکات، مامەڵەکردن لەگەڵ تاران ئێستا زۆر سەختتر بووە، چونکە بە تێپەڕبوونی مانگەکان متمانەبەخۆبوونی ئێران بە شێوەیەک زیادی کردووە، پێیوایە نەک تەنیا دەتوانێت لە جەنگەکەدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەتوانێت تەواوی هاوکێشەکانی ناوچەکەش بە قازانجی خۆی دابڕێژێتەوە.

لە لێواری داڕمانەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز

ئەم خۆڕاگرییەی تاران لە کاتێکدا بوو کە پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە لاوازترین دۆخی خۆیدا بوو لە دوای هێرشەکەی عێراق لە ساڵی 1980ەوە؛ دراوەکەی داڕمابوو، لە مانگی کانوونی دووەمدا گەورەترین ناڕەزایەتیی جەماوەریی بە توندوتیژی سەرکوت کردبوو، لە جەنگێکی 12 رۆژەی هاوینی پێشوودا بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کرابوونە ئامانج، و باڵە چەکدارەکانیشی لە ناوچەکە لاواز کرابوون. بەڵام دوای هێرشە سەرەتاییەکان دۆخەکە گۆڕا؛ خەڵکی ئێران لە ترسی جەنگ پەنایان بردە بەر پاراستنی وڵاتەکەیان و داواکارییەکانی ئەمریکایان بۆ راپەڕین پشتگوێ خست، هاوکات تاران بە خێرایی جێگرەوەی بۆ سەرکردە کوژراوەکانی دۆزییەوە و بە داخستنی گەرووی هورمز و لێدانی بنکەکانی ئەمریکا و ژێرخانی وزە لە وڵاتانی کەنداو، گورزێکی گەورەی لە ئابووریی جیهان دا.

سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی نیساندا رازی بوو بە ئاگربەست و لە حوزەیرانیشدا رێککەوتنی لەگەڵ تاران واژۆ کرد، بەڵام لێکتێگەیشتنەکە زۆری نەخایاند و هەڵوەشایەوە. ئێستا ئێران سوورە لەسەر کۆنترۆڵکردنی هەمیشەیی گەرووی هورمز وەک کارتی گوشار لە دانوستانەکان و بەربەستێک دژ بە هێرشەکانی داهاتوو، لە کاتێکدا ئامادە نییە لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی سازش بکات.

یۆئێل گوزانسکی، شارەزا لە پەیمانگەی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل هۆشداری دەدات لەوەی کە مەترسیی گەورە بۆ تاران ئەوەیە توانای مانەوەی خۆی لە جەنگدا بە سەرکەوتنی کۆتایی لێکبداتەوە و داواکارییەک بخاتەڕوو کە لە توانای کارتەکانی بەدەستیەوە نەبێت، بەتایبەت کە پەکخستنی درێژخایەنی گەرووەکە زیان بە وڵاتانی دراوسێ، چین و ئابووریی جیهانیش دەگەیەنێت.

درزکەوتنی چەتری ئەمنیی ئەمریکا و نیگەرانیی وڵاتانی کەنداو

لەلایەکی دیکەوە، ئەم جەنگە درزی گەورەی لەو چەترە ئەمنییەی ئەمریکا دروستکرد کە بۆ دەیان ساڵ بوو وڵاتانی کەنداو پشتیان پێ دەبەست. کاتێک ئێران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە، مووشەک و درۆنەکانی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کرد و ژێرخانی وزە و وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی کردە ئامانج؛ ئەمەش نیگەرانیی قووڵی لای سەرکردەکانی کەنداو دروستکرد لەوەی جەنگێک کە بەبێ راوێژکردن لەگەڵ ئەوان هەڵگیرساوە، ژیانی هاووڵاتییان و دابینکردنی ئاو و کارەبایان دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەت لە کاتێکدا کەرەستە و مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە روویان لە کەمبوونەوە کردووە.

کریستیان کۆتس ئۆلرێچسن، پسپۆڕی کاروباری کەنداو لە پەیمانگەی بەیکەر روونیدەکاتەوە، نەبوونی ئامانجێکی روونی سیاسی بۆ جەنگەکە و نەبوونی پلانی بی دوای شکستهێنانی رووخاندنی دەسەڵاتی ئێران، متمانەی بە واشنتن لە ناوچەکەدا هەژاندووە. ئەم دۆخە وای کردووە وڵاتانی وەک سعوودیە روو لە هاوپەیمانیی بەرگریی نوێ بکەن لەگەڵ پاکستان و تورکیا، هەرچەندە بژاردەکانیان سنووردارە و بە تەواوی ناتوانن دەستبەرداری تۆڕە ئەمنییەکەی ئەمریکا ببن.

دەستکەوتی تاکتیکیی ئیسرائیل و قەیرانی گۆشەگیریی دیپلۆماسی

لە بەرەی ئیسرائیلیشدا، سەرەڕای ئەوەی سوپای ئەو وڵاتە دەستکەوتی تاکتیکیی بەدەستهێنا و بەشێکی گەورەی باشووری لوبنانی لە چنگی حزبوڵڵا کۆنترۆڵکردەوە، بەڵام ئەم سەرکەوتنانە باجێکی سیاسی و دیپلۆماسیی قورسیان بەدوای خۆیاندا هێنا. ئیسرائیل رووبەڕووی گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتیی بێوێنە بووەتەوە بەهۆی تۆمەتەکانی جینۆساید لە غەززە و دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە.

مەترسیدارترین لێکەوتە بۆ تەلئەڤیڤ، دروستبوونی درزێکی قووڵی نەوەییە لەگەڵ گەورەترین هاوپەیمانی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. زیادبوونی ئەو دەنگانەی لەناو هەردوو پارتی دیموکرات و کۆمارییەکان کە ئیسرائیل بە ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ ناو جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمەتبار دەکەن، بووەتە هۆی بڕینی بەشێک لە هاوکارییەکان لەلایەن کۆنگرێسەوە.

لە هەمان کاتدا، خەونی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعوودیە بە تەواوی کاڵبووەتەوە، بەوپێیەی سەرکردایەتیی ریاز ئێستا دەسەڵاتدارانی تەلئەڤیڤ وەک هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا دەبینن و ئامادە نین وەک هاوبەشێکی دیپلۆماسی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

تێچووی قورسی جەنگ بۆ واشنتن و بەکارهێنانی 13 هەزار مووشەک

لە کاتێکدا شەش مانگی تەواو بەسەر هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە تێپەڕیوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای هێرشەکاندا پێشبینی کردبوو کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەنیا چوار بۆ پێنج هەفتە بخایەنن. بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی هەواڵی (CNN)یش، ترەمپ لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا لانیکەم 38 جار لە لێدوان، چاوپێکەوتن و پەیامەکانیدا رایگەیاندووە کە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنانی جەنگەکە زۆر نزیکە، بەڵام هێشتا گەمارۆی دەریایی و گرژییە سەربازییەکان بەردەوامن.

هاوکات پەیمانگەی ئینتەرپڕایزی ئەمریکی (AEI) ئاماژەی بەوە کردووە کە 5 ملیار دۆلاری دیکە پێویستە تەنیا بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو بنکە سەربازی و دیپلۆماسییانەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە مووشەک و درۆنەکانی ئێران زیانیان بەرکەوتووە.

لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ هاووڵاتییانی ئەمریکای گرتووەتەوە؛ نرخی تێکڕای هەر گالۆنێک بەنزین لە 2.98 دۆلارەوە بۆ 4.09 دۆلار بەرزبووەتەوە و ئەمریکییەکان بڕی 87 ملیار دۆلاری زیاتریان بۆ سووتەمەنی خەرجکردووە. بەپێی هەڵسەنگاندنی ئابووریناسانی دامەزراوەی موودیز، تێکڕای تێچووی جەنگ بۆ هەر خێزانێکی ئەمریکی گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار دۆلار، کە بەهۆی گرانبوونی سووتەمەنی، کەلوپەلی خۆراک و بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی بانکی دروستبووە.

لە کەرتی تەقەمەنی و چەکدا، سوپای ئەمریکا نزیکەی 13 هەزار مووشەکی بەکارهێناوە، لەوانە زۆربەی مووشەکە دوورمەوداکانی سوپا و مووشەکی پێشکەوتووی بەرگری. هەروەها پەیمانگەی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) ئاشکرای کردووە، نزیکەی هەزار و 500 مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی پاتریۆت لە کۆی دوو هەزار و 330 مووشەک بەکارهێنراون، شانبەشانی بەکارهێنانی زیاتر لە 60%ی مووشەکەکانی سیستەمی بەرگریی تاد (THAAD).

ئاماری قوربانیان؛ کوژرانی نزیکەی 8 هەزار کەس لە بەرە جیاوازەکاندا

هەروەها جەزیرە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی داوە، دوای 181 رۆژ لە پێکدادانی بەردەوام، ململانێکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە حەوت هەزار و 900 کەس، پەککەوتنی 93%ـی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، هەڵکشانی تێچووی جەنگ بۆ واشنتن بۆ نزیکەی 100 ملیار دۆلار، و دابەزینی متمانەی جەماوەریی دۆناڵد ترەمپ بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتەکانی تەندروستی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، زیانە مرۆییەکانی جەنگەکە لە چەندین بەرەی جیاوازدا دابەشبوون؛ بە جۆرێک لە لوبنان 4 هەزار و 350 کەس کوژراون و 12 هەزار و 310 کەسی دیکەش بریندار بوون، لە ئێران سێ هەزار و 527 کەس کوژراون و زیاتر لە 27 هەزار کەس بریندار بوون، لە وڵاتانی کەنداویش 28 کەس گیانیان لەدەستداوە. لە بەرامبەردا، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی بوونەتە هۆی کوژرانی 60 ئیسرائیلی و 18 سەربازی ئەمریکی، هاوکات بەپێی راگەیەندراوی پێنتاگۆن 757 سەربازی دیکەی ئەمریکیش لە هێرشەکاندا بریندار بوون.

زیاتر لە 5,600 هێرشی مووشەکی و ئاسمانی لە شەش مانگدا

لە رووی چڕیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە، داتاکانی رێکخراوی چاودێریی ململانێ چەکدارییەکان (ACLED) دەریدەخەن کە لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا زیاتر لە پێنج هەزار و 600 هێرش تۆمارکراون؛ ئەمریکا و ئیسرائیل لانیکەم سێ هەزار و 580 هێرشی ئاسمانی و مووشەکییان بۆ سەر خاکی ئێران ئەنجامداوە، لە بەرامبەریشدا ئێران دوو هەزار و 53 هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل، بنکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو سعوودیە، ئیمارات، کوێت، قەتەر، بەحرێن و عومان و چەند وڵاتێکی ناوچەکە ئەنجام داوە.

داڕمانی 93%ـی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز

لە راپۆرتەکەی جەزیرەدا هاتووە، گەورەترین شۆکی ئابووریی جەنگەکە لە گەرووی هورمز کەوتەوە، کە پێش جەنگ رۆژانە بە تێکڕا 100 کەشتیی نەوتهەڵگر و بارهەڵگر بە سەلامەتی پێیدا تێدەپەڕین، بەڵام بەهۆی بۆردوومان، کێوماڵکردنی مین و گەمارۆی دەریاییەوە، تێکڕای هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ تەنیا 7 کەشتی لە رۆژێکدا داڕماوە. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO)، لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا 70 هێرشی پشتڕاستکراو بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز ئەنجامدراون کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 19 دەریاوان.

خەمڵاندنی تێچووی ڕاستەقینەی جەنگ لە نێوان 80 بۆ 100 ملیار دۆلار

لە بارەی تێچووی دارایی جەنگەکەوە بۆ واشنتن، هەرچەندە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنگرێس رایگەیاندبوو، تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 37.5 ملیار دۆلار، بەڵام خەمڵاندنە ناوخۆییەکانی پێنتاگۆن و سەرچاوە سەربەخۆکان ئاشکرای دەکەن کە تێچووی راستەقینەی جەنگەکە لە نێوان 80 بۆ 100 ملیار دۆلاردایە، بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی نۆژەنکردنەوەی بنکە پێکراوەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەرەبووکردنەوەی مووشەک و فڕۆکە تێکشکاوەکان.

هەڵکشانی نرخی نەوت و دابەزینی یەدەگی ستراتیژیی ئەمریکا بۆ نزمترین ئاست

ئەم ململانێیە بازاڕی وزەی جیهانیشی هەژاندووە؛ نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 22% بەرزبووەتەوە و لە 72.48 دۆلارەوە گەیشتووەتە 88.58 دۆلار، دوای ئەوەی لە 30ـی نیساندا گەیشتبووە بەرزترین ئاستی و بە 120.88 دۆلار مامەڵەی پێوەکرابوو. بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان، ئەمریکا ناچار بوو بەشێکی گەورە لە یەدەگی نەوتی ستراتیژیی خۆی بەکاربهێنێت، بە جۆرێک یەدەگی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ 289.7 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە کە دەکاتە تەنیا 41%ـی توانای کۆگاکانی و 59%ـی بە بەتاڵی ماوەتەوە، ئەمەش نزمترین ئاستی یەدەگی نەوتی ئەمریکایە لە دوای ساڵی 1982ـەوە.

داگیرکردنی بەشێک لە خاکی باشووری لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە

هاوکات لە بەرەی باکووری ئیسرائیل و دوای هاتنەناوەوەی حزبوڵڵا بۆ ناو شەڕەکە لە 2ـی ئاداردا، سوپای ئیسرائیل لەشکرکێشییەکی بەرفراوانی بۆ سەر باشووری لوبنان دەستپێکرد و توانی کۆنترۆڵی نزیکەی 20%ـی خاکی ئەو وڵاتە نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر دووجا بکات، و سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە نیسان و حوزەیراندا، سوپای ئیسرائیل هێشتا بە درێژایی هێڵی شینی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 6%ـی خاکی لوبنانی وەک ناوچەی پارێزراوی هێڵی پێشەوە لەژێر داگیرکاریدا هێشتووەتەوە.

دابەزینی ئاستی متمانەی دۆناڵد ترەمپ بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی

لە ڕووی سیاسی و ناوخۆییەوە لە ئەمریکا، لێکەوتەکانی جەنگەکە لێدانێکی کەمەرشکێن بوون بۆ پێگەی دۆناڵد ترەمپ؛ بەپێی نوێترینراپرسیی هاوبەشی رۆیتەرز/ئیپسۆس، ئاستی رەزامەندیی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە کارەکانی ترەمپ بۆ 33% دابەزیوە کە یەکسانە بە نزمترین ئاستی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییدا، لە کاتێکدا 65%ی ئەمریکییەکان ناڕەزایەتی لە سیاسەتەکانی دەردەبڕن و 80%ـی هاووڵاتییانیش پێیانوایە جەنگی ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە دەکێشێت و بەمزووانە کۆتایی نایەت.