بەغدا و مەسقەت هەوڵەکانی هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ بەدر بوعەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان تاران و مەسقەت و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

هەینی 26ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و بەدر بوعەیدی هاوتا عومانییەکەی، لەبارەی ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە قسەیان کردووە کە لە نێوان شاندەکانی عومان و ئێران لە تارانی پایتەخت بەڕێوەچوون، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بوعەیدییەوە گوێبیستی روونکردنەوەیەک بووە سەبارەت بە تێگەیشتنەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت ئەو بەشەی پەیوەستە بە بارودۆخی گەرووی هورمز.

هەردوو وەزیر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیان تاوتوێ کردووە، لەو بارەیەوە، باسیان لەو سزایە پێشنیارکراوانەی ئەمریکا کردووە کە مامەڵە ئابووری و داراییەکانی ئێران سنووردار دەکەن، هاوکات کاریگەرییە پێشبینیکراوەکانی ئەو سزایانەیان لەسەر دۆخی ناوچەکە خستە بەرباس.

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەستنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی وڵاتانی پەیوەندیدار کردەوە، ئامانج لەم کۆبوونەوەیە، دۆزینەوەی رێگەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە مەترسیدارەکان و سنووردارکردنی لێکەوتەکانیانە.

هەروەها، پێویستیی بەردەوامیی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان بەغدا و مەسقەت دووپاتکرایەوە، هەردوو وەزیر بڕیاریان داوە کار بۆ خستنەڕووی دەستپێشخەریی هاوبەش بکەن و وڵاتانی دیکەش بانگهێشت بکەن بۆ بەشداریکردن لەو هەوڵانە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی، بەشێوەیەک کە بەشدار بێت لە داڕشتنی بیرۆکە و پلانی هاوبەش و پشتیوانیکردن لەو هەوڵانەی ئامانجیان هێورکردنەوەی گرژییەکان و پتەوکردنی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا".