سوپای پاسداران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات
سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات و ئەمریکاش رادەگەێنێت، گەرووەکە بە تەواوەتی کراوەیە.
شەممە 29ـی ئابی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمز دەکەن و ئەو رێڕەوەیان بەرامبەر بەو کەشتییانە داخستووە کە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ تاران هەوڵی پەڕینەوە دەدەن، هاوکات هێزی دەریایی سوپای پاسداران لێدوانەکانی ئەمریکای سەبارەت بە کراوەبوونی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان بە درۆیەکی ئاشکرا ناوبرد.
هەمان هەینی، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران دانی بەوەدا نا کە بەهۆی سزاکان و گەمارۆوە، هەناردە و هاوردەی وڵاتەکە 35%ـی کەمی کردووە، هاوکات مجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سزاکانی ئەمریکا پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی و خەرجیی ژیرانە دەبەستێت.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئێران بەشێکی زۆری کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووی هورمز لەدەست داوە و ئێستا سوپای ئەمریکا بە کردەیی کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچەکانی گەرووەکە دەکات، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) جەختیکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە ئەو مینە دەریاییانە پووچەڵ بکەنەوە کە سوپای پاسداران لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی گەرووی هورمز چاندبوونی.
پێنجشەممەی رابردوو، سێنتکۆم رایگەیاند، لە کاتی دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران لە 14ـی تەممووزەوە، ئاراستەی 75 کەشتیی بازرگانی گۆڕدراوە. لە ناوەڕاستی حوزەیرانی رابردووشدا، ئەمریکا ئاراستەی 194 کەشتیی گۆڕی و 9 کەشتیی دیکەشی لە یەکەم گەڕی گەمارۆکاندا پەکخست.
24ـی ئاب، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی "مەنگووتی ئابووری" دژی ئێرانی راگەیاند، کە تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نەوت و خۆدزینەوە لە سزاکان و ئەو چالاکییانە دەکاتە ئامانج کە واشنتن بە تیرۆریستیان لە قەڵەم دەدات. سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی: واشنتن بەردەوام دەبێت لە پچڕاندنی هەموو رێڕەوێکی ئابووریی ماوە لەبەردەم تاران و هۆشداریشیدا بەو لایەنانەی یارمەتیی ئێران دەدەن کە دەستیان بە دۆلار و سیستەمی دارایی ئەمریکا رادەگیرێت.
کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، کە رێڕەوی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانە، بووەتە خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی لە دانوستانەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران. لەگەڵ پەککەوتنی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بەمەبەستی کردنەوەی دووبارەی ئەو رێڕەوە ئاوییە، دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە سەر گوشارە ئابوورییەکان کە بریتین لە سزاکان و گەمارۆی ئەمریکا.