نەعیم قاسم: حزبوڵڵا خۆی بەدەستەوە نادات و دژی رێککەوتنە لەگەڵ ئیسرائیل
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان رەتکردنەوەی خۆی بۆ رێککەوتنی چوارچێوەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل نوێکردەوە، جەختیکردەوە ئەو پارتەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە ساڵانی رابردوودا دوو جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل کردووە، خۆبەدەستەوە نادات.
شەممە 29ـی ئابی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، "ئێمە دژی رێککەوتنی چوارچێوەین و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکەین، هاوکات گوتیشی بە هیچ شێوەیەک حزبوڵڵا خۆی بەدەستەوە نادات و ملکەچی ئیسرائیل نابێت".
رێککەوتنی چوارچێوە، کە 26 حوزەیران لەدوای پێنج گەڕی دانوستان بە سەرپەرشتی ئەمریکا لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل واژۆکرا، بڕگەی داماڵینی چەکی حزبوڵڵا و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بە قۆناخ لەو ناوچانەی لە باشووری لوبنان داگیری کردوون و بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان لە ناوچە تاقیکارییەکان لەخۆ دەگرێت.
نەعیم قاسم دەربارەی رێککەوتنەکە گوتی، "رێککەوتنی چوارچێوە نایاسایی و بێبنەما و سووکایەتییە، سەروەری لوبنان لەناو دەبات و مافەکان ناگەڕێنێتەوە."
هەروەها گوتی، "ئێمە رەزامەند نین لەسەر ناوچە تاقیکارییەکان و نە لەسەر ئەنجامەکانیشی، واتە نە لەسەر لیژنەی پشکنین و نە لەسەر ئەوانەی بەشدارن لە لیژنەی پشکنیندا رەزامەند نین، چونکە ئەمە بە دەر لە یاسا و دەر لە کۆدەنگی لوبنان و دەر لە رێککەوتنەکە هەژمار دەکرێت."
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەرۆکایەتی لوبنان، لە گەڕی کۆتایی دانوستانەکانی لوبنان و ئیسرائیل، کە سەرەتای ئاب لە رۆما بەڕێوەچوو، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر ئەو وڵاتانە کردووە کە ئەگەری هەیە بەشدار بن لەو لیژنەیەی ئەرکی پشکنینی بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان لە ناوچە تاقیکارییەکان و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخان و داماڵینی چەکی ئەو پارتەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، پێیان سپێردراوە.
بڕیارە گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە ئەیلول بەڕێوەبچێت، بەڵام کاتەکەی دیاری نەکراوە.
2 ئادار، جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ئەوەی حزبوڵڵا لە وەڵامی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە یەکەمین هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەرەو لوبنان فراوان بوو، بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتدارانی لوبنان، هێرشە ئاسمانییەکان و پەلامارە زەمینییەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 4,300 کەس.
لەدوای واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوەڕاستی حوزەیران، کە رێککەوتنی چوارچێوەی بە سەرپەرشتی واشنتن لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل بەدوای خۆیدا هێنا، توندی و تیژی کەمبووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەش، هێزەکانی ئیسرائیل لەم دواییانەدا ئاستی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان بەرزکردووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچەی نەبەتییە، کە بەرزاییە ستراتیژییەکانی عەلی تاهیری لێیە. ئەوەش بەپێی ئاماری دەسەڵاتدارانی لوبنان بووە هۆی کوژرانی ژنێک لە هەینی.
ئیسرائیل ئەوەی ناوی لێناوە ناوچەی ئەمنی لە باشووری لوبنان دروستکردووە، کە سوپاکەی تێیدا جێگیر بووە.
حزبوڵڵا، کە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاران پارە و چەکی بۆ دابین دەکات، زیاتر لە دوو مانگە هیچ هەواڵێکی لەبارەی بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئیسرائیل بڵاونەکردووەتەوە. نەعیم قاسم لەبارەی داهاتووی دۆخەکە گوتی، "دەبێت کەمێک چاوەڕێ بکەین تا نیشانەکان دەردەکەون کە کێ دۆڕاوە، ئەگەر خوای گەورە بێت هەموو شتێک چارەسەری هەیە، بەڵام ئەوەی چارەسەری نییە ئەوەیە کە ئێمە سەربەرز دەمێنینەوە و خۆبەدەستەوە نادەین."