سوپای یەمەن بە درۆن پێگەیەکی حووسییەکانی لە زەلع کردە ئامانج

سوپای یەمەن رایگەیاند، بە درۆن هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی گرووپی حووسییەکان لە دەمەت لە پارێزگای زەلع لە باشووری وڵاتەکەدا کرد، بەهۆی ئەو هێرشەوە 5 چەکدار کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

شەممە 29ـی ئابی 2026، بەگوێرەی بەیاننامەی ناوەندی راگەیاندنی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، سەرچاوەیەکی سەربازی ئاشکرای کرد، هێرشەکە کۆبوونەوەیەکی حووسییەکانی لەناو بینای فیردەوس لە دەروازەی باشووری دەمەت کردووەتە ئامانج، ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی تەقاندنەوەی جبەخانەیەک لەناو بیناکەدا و دوای هێرشەکە ئاگر لە شوێنەکە کەوتووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی ئاستی شەڕە گەورەکان لە زەلع بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمی کردووە، بەڵام بەرەکانی جەنگ لەو پارێزگایە بەپێی کات تووشی پێکدادان و ئۆپەراسیۆنی یەکبەدوایەک دەبن.

ناوەندی راگەیاندنی هێزە چەکدارەکانی یەمەن هەینی چەندان گرتەی بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای یەمەن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئامانجکردنی چەکدارانی حووسی لە چەند بەرەیەکدا بەڵگە دەکەن، دەمەت بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەیەوە کە زەلع و ئیب بەیەکەوە دەبەستێتەوە، گرنگییەکی مەیدانی هەیە و یەکێکە لەو ناوچانەی نزیکە لە هێڵەکانی بەرکەوتنی نێوان هێزەکانی حکوومەت و حووسییەکان.

لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، هێزەکانی حکوومەت بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی و ئامانجکردنی پێگە و جووڵەکانی حووسییەکان لە چەند بەرەیەکدا چڕکردووەتەوە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ سنووردارکردنی توانای سەربازی گرووپەکە و پەکخستنی هێڵەکانی دابینکردنی پێداویستییەکانیان دێت.