جووتیارێکی دهۆک 18 جۆر ترێی لە باخەکەیدا بەرهەمهێناوە
دهۆک پێشەنگی بەرهەمهێنانی ترێیە لە عێراق
پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ترێی پارێزگای دهۆک ئەمساڵ بگاتە 80 هەزار تۆن. هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، هاوردەکردنی ترێی بیانی قەدەخە کردووە.
حوسێن دێرگژنیکی، یەکێکە لە جوتیارەکانی پارێزگای دهۆک و ئەمساڵ لە باخەکەیدا 18 جۆری جیاوازی ترێی بەرهەمهێناوە. ئەو جوتیارە بە ئومێدەوە سەیری بەرهەمەکانی دەکات و پێشبینی داهاتێکی باش دەکات. ساڵ بە ساڵ جۆر و کوالێتیی بەرهەمەکانی بەرەو باشتر دەچن و بازاڕیش گەرمترە و داواکاری لەسەری زیاترە.
حوسێن دێرگژنیکی بە بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "داواکارییەکی زۆر لەسەر ترێ هەیە، بەتایبەتی ترێی فەرەنسی کە زۆر باشە بۆ شەربەت و بۆ خواردنیش. جۆرەکانی دیکەشمان هەیە، ترێی حەلەوانی باشە، ریش گڵۆپێ باشە، بەڵام خواست لەسەر فەرەنسی لە هەموویان زیاترە".
لە پارێزگای دهۆک 105 جۆری جیاوازی ترێ لەلایەن جوتیارانەوە بەرهەمدەهێندرێن. تامی خۆش و کوالێتیی بەرزی بەرهەمەکان، ناوبانگی ترێی دهۆکی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بڵاوکردووەتەوە. ئەمەش وایکردووە خواست لەسەر بەرهەمەکان زیاتر بێت و رەوانەی تەواوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکرێن.
بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی 1ی تەممووز تاوەکوو 15ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هاوردەکردنی ترێی بیانی قەدەخە کردووە، هەروەها دەرگاش کراوەیە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆ لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و کۆمپانیاکاندا.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ لە پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند: "هیچ رێگەیەک نادرێت ترێی بیانی بێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، پاڵپشتییەکی دیکەشمان ئەوەیە کۆمپانیای کاڤین گرین هاوس، هاوشێوەی پار ساڵ بەرهەمی ترێ وەردەگرێت و لە چەند ناوەندێکدا کۆی دەکاتەوە. هەروەها ئامۆژگاریی بازرگانان و جوتیاران دەکەین بەرهەمەکانیان بنێرنە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، چونکە لەوێ بەهایەکی باشتری دەبێت و رێگریش لە دابەزینی نرخی ترێ دەکرێت".
لەسەر رووبەری 25 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک ترێ چێندراوە و پێشبینیش دەکرێت بۆ ئەمساڵ بەرهەمی ترێ بگاتە 75 بۆ 80 هەزار تۆن. بەم پێیەش پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی عێراق دەبێتە پارێزگای یەکەم لە رووی زۆریی بەرهەمهێنانی ترێدا.