زیاتر لە 93 هەزار شۆفێر لە بەنزینی حکوومی سوودمەند دەبن
لە 103 بەنزینخانەی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری دابەشدەکرێت و کارتی سووتەمەنیی ژمارە چواریش لە هەولێر کارا کرا.
لە ئەمڕۆ شەممەوە، 29ـی ئابی 2026، لە شاری هەولێر کارتی سووتەمەنیی ژمارە چوار کارا کراوە و کاریش بە کارتی ژمارە سێ ناکرێت. هاوکات لە 36 بەنزینخانەی شارەکە بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی بە نرخی 750 دینار لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دابەشدەکرێت.
لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان پرۆسەکە لە 103 بەنزینخانە بەڕێوەدەچێت و سێ ملیۆن و 708 هەزار لیتر بەنزین دراوەتە بەنزینخانەکان بۆ ئەوەی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی بکەن. تەنیا ئەمڕۆ نزیکەی 93 هەزار ئۆتۆمبێل سوودمەند دەبن و ئەو جۆرە بەنزینە وەردەگرن.
هەولێری پایتەخت زیاتر لە نیوەی ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستانی تێدایە، بۆیە ئەمڕۆ یەک ملیۆن و 296 هەزار لیتر بەنزین لە 36 بەنزینخانە دابەشدەکرێت و زیاتر لە 32 هەزار ئۆتۆمبێل سوودمەند دەبن.
هەفتەی رابردوو 26 ملیۆن لیتر بەنزین بەسەر بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشکرابوو و 650 هەزار ئۆتۆمبێلیش بەنزینی پاڵپشتیکراویان وەرگرتبوو. لە هەولێریش کاتێک کارتی ژمارە سێ کاری پێدەکرا، زیاتر لە 211 هەزار ئۆتۆمبێل سوودمەند بوون و نزیکەی هەشت ملیۆن و 450 هەزار لیتر بەنزین دابەشکرابوو.
بەپێی سیستمی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو، هەفتانە هەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەت یەک جار لەو بەنزینە سوودمەند دەبێت و دەتوانێت 40 لیتر وەربگرێت، هەروەها ئۆتۆمبێلە تەکسییەکانیش دەتوانن لە هەفتەیەکدا دوو جار سوودمەند بن.
دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەنگاوێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان.
دوای ئەوەی نرخی بەنزینی بازرگانی لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاریدا بەنزینی جۆری نۆرماڵ بە نرخی 750 دینار دابین بکات.
بۆ رێکخستنی پرۆسەکە و رێگریکردن لە قۆرخکاری و بەقاچاخبردن، سیستمی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم سیستمە وایکردووە شۆفێران بەپێی پشکێکی دیاریکراو بەشە بەنزینی خۆیان وەربگرن و قەرەباڵخیی بەردەم بەنزینخانەکان تا رادەیەکی زۆر کەم ببێتەوە، هاوکات پرۆسەی چاودێریکردنی بڕی دابەشکراو لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئاسانتر کردووە.