راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران: مەترسیی لەسەر یەدەگی دراوی بیانیی عێراق نییە

ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری داراییی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە، یەدەگی دراوی بیانیی عێراق هێشتا لە ئاستێکی مامناوەندی رێژەییدایە.

مەزھەر محەممەد ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیی گوت "سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بەپێی مەزەندەکانی ساڵی 2025، کۆی یەدەگی عێراقی بۆ ساڵی 2026 بە نزیکەی 79.2 ملیار دۆلار خەمڵاندووە، کە دەکاتە نزیکەی 9.6 مانگی هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان". ئەو روونیکردەوە، یەدەگی بیانیی عێراق لە ئێستادا لەو ئاستە نزیک بووەتەوە.

راوێژکاری داراییی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی پێوەری کاراییی یەدەگەکان، دابینکردنی زیاتر لە شەش مانگی هاوردەکردن ئاستێکی ئارامی رێژەییە، ئەو دەشڵێت: ئەو دابەزینەی ئەمساڵ لە یەدەگەکاندا تۆمار کراوە پێویستی بە وریایی و چاودێریی زیاترە، نەک لەبەر ئەوەی گەیشتبێتە ئاستێکی مەترسیدار، بەڵکو لەبەر مەترسیی بەردەوامیی ئەو ئاراستەی دابەزینە کە لەوانەیە لە داهاتوودا مەودای ئارامیی دارایی کەم بکاتەوە.

محەمەد مەزهەر ساڵح روونیکردەوە، یەدەگی بیانی رۆڵێکی سەرەکی لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراق دەبینێت و وەک هێڵی بەرگریی سەرەکی لە بەردەم گوشارەکان بۆ سەر دراوەکە کار دەکات، ئەمەش لە رێگەی توانای بانکی ناوەندی بۆ دابینکردنی دۆلار و پڕکردنەوەی خواستی رەوا لەسەری دەبێت، کە بەشدارە لە پاراستنی سەقامگیری و گەشەی گشتیی ئابووری.

ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیران تیشکی خستە سەر ئەوەی، پشت بەستن بە داهاتەکانی نەوت یەکێکە لە دیارترین سەرچاوەکانی مەترسی، ئەو روونیکردەوە، هەر دابەزینێک لە داهاتی نەوتدا دەبێتە هۆی پاشەکشەی داهاتی حکوومەت و نەختینەی بیانی، ئەوەش لەوانەیە گوشار لەسەر یەدەگەکان و سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕ زیاد بکات.

راوێژکاری داراییی سەرۆکوەزیران جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەربەخۆییی سیاسەتی نەختینەی بانکی ناوەندی کردەوە، ئەو داوای کرد یەدەگی بیانی یان داراییی نەختینەیی بەردەوام بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بوودجە بەکار نەهێندرێت، چونکە دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی یەدەگەکان و زیادبوونی گوشارە هەڵاوسانی و نەختینەییەکان.

ئەو بەرپرسەی عێراق گوتیشی: چارەسەری بەردەوام لە کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکانی حکوومەت، بەتایبەت خەرجییە گشتییەکان و گەشەپێدانی داهاتە نانەوتییەکاندا دەبینێتەوە، لەگەڵ بەکارهێنانی کەرەستەکانی سیاسەتی نەختینەیی بۆ بەڕێوەبردنی نەختینە و پاراستنی سەقامگیریی نەختینەیی.