فۆتۆگرافەرێکی بۆکانی پلەی سێیەمی ئاستی جیهانی بە دەستهێنا

فۆتۆگرافەرێکی خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کێبڕکێیەکی نێودەوڵەتی فۆتۆیی IPA لە ئەمریکا، خەڵاتی سێیەمی کێبڕکێکە و سێ خەڵاتی رێزلێنانی بە دەستهێنا.

رەزا عەباسی بەڕێوەبەری هونەر و رۆشنبیریی بۆکان بە ئاژانسی ئیرنای راگەیاندووە، شێرکۆ مام ئاغا فۆتۆگرافەر توانیویەتی لە کێبڕکێ نێودەوڵەتیی IPAی 2026 بۆ فۆتۆگرافەری لە ئەمریکا، پلەی سێیەمی جیهانی و سێ خەڵاتی رێزلێنان بە دەست بهێنێت.

عەباسی دەڵێت "ئەم سەرکەوتنە نیشاندەری توانای هونەرمەندانی بۆکانە لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکان و توانای بەرزی وێنەگرانی ئەم شارستانەیە بۆ ناساندنی فەرهەنگ، نەریت و شێوازی ژیانی خەڵکی ناوچەکە لە رێگەی هونەری فۆتۆگرافەرییەوە"

هەروەها ئاماژەی دا، شێرکۆ مام ئاغا لەبەر فۆتۆی تایبەت بە رێوڕەسمی دەفژەنی خەڵکی گوندی پاڵەنگان توانی پلەی سێیەمی جیهانی لە بەشی "رووداوەکان، نەریتەکان و رۆشبیرییەکان" بەدەست بهێنێت؛ هەروەها رێزلێنانێکی لە بەرهەمی دووکەڵی مێژوویی لە پۆرترێتی بێدەنگیدا بە دەستهێناوە.

چوارەم بەرهەمی فۆتۆگرافەر، شێرکۆ مام ئاغا بۆ بە دەستهێنانی رێزلێنانی دووەم بە ناونیشانی دۆستانی سروشت بووە، کە پەیوەستە بە نیشاندان ژیان و پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە سروشتنەوە.

بەڕێوەبەری هونەر و رۆشنبیریی بۆکان بەشداری فۆتۆگرافەرانی کورد لەم کێبڕکێ نێودەوڵەتییەدا بە کارێکی سەرکەوتووانەی هونەرمەندانی گرنگ ناو دەبات و گوتی "جگە لە ناساندنی بەهرە هونەرییەکانی ناوچەکە، هەلێکی گونجاوە بۆ رەنگدانەوەی توانا هونەری و رۆشنبیرییەکان، بۆ پیشاندانی ژیانی کۆچەری و سیمای کۆمەڵایەتیی دەڤەرەکە لە ئاستی جیهانیدا."

کێبڕکێ نێودەوڵەتیی فۆتۆگرافی IPA یەکێکە لە چالاکییە بەناوبانگەکانی بواری وێنەگرتن لە ئاستی جیهاندا کە بەرهەمی وێنەگرانی وڵاتانی جیاواز لە بەشە جیاوازەکاندا هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.