گۆتێرێز: تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان متمانەی وڵاتان لەناو دەبەن

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوا لە سەرجەم ئەو وڵاتانە دەکات کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین، پابەند بن بە راگرتنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان و پەیماننامەی قەدەغەکردنی گشتگیری تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان (CTBT) بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

شەممە 29ـی ئابی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان متمانە لەناو دەبەن و دەبنە سووتەمەنی بۆ پێشبڕکێی خۆپڕچەککردنی ئەتۆمی لە جیهاندا.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لەو وڵاتانە کرد کە خاوەنی ئەتۆمن، هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ کاراکردنی پەیماننامەی قەدەغەکردنی گشتگیری تاقیکردنەوەکان و رایگەیاند: "با پابەندبوونی خۆمان بۆ کۆتاییهێنان بە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان نوێ بکەینەوە".

رۆژی 29ـی ئاب وەک رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دەستنیشانکراوە، ئەمەش وەک یادێک بۆ داخستنی بنکەی سێمیپالاتینسک لە کازاخستان لە ساڵی 1991، کە یەکێک بوو لە گەورەترین پێگە ئەتۆمییەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1996ـدا پەیماننامەی قەدەغەکردنی گشتگیری تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی پەسەند کرد بە ئامانجی رێگریکردن لە هەموو جۆرە تەقینەوەیەکی ئەتۆمی، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا لەلایەن ژمارەیەک وڵاتی پەیوەندیدارەوە واژۆ و پەسەند نەکراوە، نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.