رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی: 400 کەشتی لە کەنداو گیریان خواردووە
بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، 6 هەزار دەریاوان لە کەنداو لە مەترسیدان، هەروەها رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی هۆشداری دەدات لەبارەی گیانلەدەستدانی 19 دەریاوان.
شەممە 29ـی ئابی 2026، رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی هۆشداری دەدات لەوەی نزیکەی 400 کەشتی لە کەنداو گیریان خواردووە، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی 6 مانگ بەسەر دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم دۆخەدا هەزاران دەریاوان لە ناوچەکە رووبەڕووی مەترسیی زیاتر دەبنەوە.
لەمبارەیەوە هەینیی رابردوو، ئەرسینیۆ دۆمینگیز، ئەمینداری گشتیی رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "لەو کاتەی هەندێک لە کەشتییەکان و تیمی سەرنشینەکانیان توانیویانە کەنداو بەجێبهێڵن، نزیکەی 400 کەشتی کە 6000 دەریاوانیان لەسەرە، نەیانتوانیوە بە سەلامەتی دەربچن لەو کاتەوەی ململانێکان دەستیانپێکردووە."
دۆمینگیز روونیکردەوە، رێکخراوەکەیان 70 هێرشی دژی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە کەنداو و دەوروبەری گەرووی هورمز لە کۆتایی شوباتی رابردووەوە بەڵگەکردوو، ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی 19 دەریاوان.
دۆمینگیز جەختی لەوەکردەوە، تێکچوونی ئاسایشی دەریایی لە کەنداو و سەرانسەری جیهاندا زیان بە هەمووان دەگەیەنێت، گوتیشی: "بەڵام بۆ ئەو هەزاران دەریاوانە بێتاوانەی زیانیان بەرکەوتووە، بەتایبەتی ئازاربەخشە."
گەرووی هورمز خاڵی سەرەکیی ململانێکانە لە نێوان واشنتن و تاران، گەرووەکە پێش دەستپێکردنی ململانێکان رێڕەوێکی کراوە بوو بۆ هاتوچۆی نێودەوڵەتی، بەڵام ئێستا گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی.