عێراقچی: بەکاربەرانی ئەمریکی باجی راستەقینەی ئەم دۆخە دەدەن
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەگوێرەی زانیاری و هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی، هەوڵێکی بەرفراوان لە ئارادایە بۆ دەستکاریکردن و ئاڕاستەکردنی بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا.
شەممە 29ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند هەندێک لایەن لە ناو حکوومەتی ئەمریکا بە بەکارهێنانی میدیا ساویلکەکان، هەوڵی کاریگەریکردنە سەر نرخەکان دەدەن بۆ دەستکەوتی شەخسی، هاوکات دەیانەوێت سەرۆکی ئەمریکا لەناو جەنگێکی دۆڕاودا بە دەستبەستراوی بهێڵنەوە.
هاوکات عێراقچی رەخنەی لەو لایەنانەش گرت کە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئیسرائیل هاوڕان و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو لایەنانە بە پێشکەشکردنی هەڵسەنگاندنی گەشبینانە و نادروست، هەوڵی هاندان و بەردەوامبوونی جەنگ دەدەن.
هەروەها رونی کردەوە، لە ئەنجامی ئەم کارانەدا، تەنیا بەکاربەرانی ئەمریکین کە تێچوو و باجی راستەقینەی ئەم بارودۆخە دەدەن.
قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، دوێنێ هەینی 28ـی ئاب، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا بەبۆنەی هەفتەی دەوڵەتەوە، دۆخی وڵاتەکەی لە ژێر رۆشنایی ململانێ سەربازییەکاندا خستەڕوو و رایگەیاند، بەرپرسان و خەڵک پێویستە لەوە تێبگەن کە وڵات لە جەنگدایە، و بەهۆی گەمارۆکانەوە هەناردە و هاوردەکردن بە رێژەی 25 بۆ 35 لەسەد کەمی کردووە و رێڕەوەکان داخراون؛ ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمبوونەوەی کاڵا سەرەکییەکان لەوانە بەنزین.