کتێبی "سەربردەکانی ژیانم؛ ئەوەی دیتیتم و بیستیتم" بۆ تۆمارکردنی بیرەوەری و کولتووری هەولێر بڵاوکرایەوە

کەنعان رەشاد موفتی، نووسەر و کەسایەتی دیاری شاری هەولێر، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناونیشانی "سەربردەکانی ژیانم؛ ئەوەی دیتیتم و بیستیتم"، چاپ و بڵاوکردەوە. ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، "هەوڵم داوە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی ژیانی خۆم و ئەو شتانەی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری هەولێر بینیومە و بیستوومە، بۆ نەوەکانی داهاتوو تۆمار بکەم."

شەممە، 29ـی ئابی 2026، کەنعان رەشاد موفتی، نووسەر و کسایەتی دیاری شاری هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کتێبەکە 302 لاپەڕەیە و بە تیراژی هەزار دانە لە چاپخانەی شەهاب لە شاری هەولێر چاپکراوە. دیزاین و نەخشەی بەرگ و ناوەڕۆکی کتێبەکەش لەلایەن نەخشەساز عوسمان پیرداودەوە کراوە. من لە پێشەکیی کتێبەکەدا باسی ئەوە دەکەم  کە کورد خاوەنی کولتوورێکی دەوڵەمەندە و زۆرێک لە بەشەکانی ئەم کولتوورە لە رێگەی گێڕانەوە و بیرەوەرییە زارەکییەکانەوە لەنێو خەڵکدا پارێزراوە."

گوتیشی، "بەشێکی زۆر لە مێژوو و کولتووری کۆمەڵگە تەنیا لە کتێب و بەڵگەنامە فەرمییەکاندا نییە، بەڵکو لە چیرۆک و سەربردەی ئەو خەڵکانەشدا هەڵگیراوە کە ژیانی خۆیان لەگەڵ ئەو رووداو و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانە بەسەر بردووە. لەبەر ئەمەش، ئەو کتێبە تەنیا گێڕانەوەی یادەوەرییەک نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی، کولتووری و مرۆیی هەولێر لە رێگەی چاو و بیرەوەرییەکانی منەوە."

ئەو نووسەرە باس لە رۆڵی باوکی لەناو کتێبەکە دەکات و دەڵێت، "قازی رەشاد موفتی و رۆڵی لە ژیانی هەولێر، یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی کتێبەکە دەکاتە باوکی من. من لە گێڕانەوەکانی خۆم دا وێنەیەک لە کەسایەتیی باوکم دەخەمەڕوو و تەنیا بە پیاوێکی ئاینی و قازییەکی دادوەر نایناسێنم، بەڵکو لە ژیانی کۆمەڵایەتی هەولێردا کەسایەتییەکی کاریگەر و جێگەی متمانەی خەڵک بووە. بەشێک لە سەرنجی من لەسەر ئەو رۆڵەیە کە قازی رەشاد موفتی لە بەهێزکردنی رۆحی برایەتی و لێبوردەیی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەولێر کاریگەریی هەبووە."

کەنعان موفتی جەختی لەوەش کردەوە، "لە گێڕانەوەکانی کتێبەکەم دا ئاماژە بەوە دەکەم کە قازی رەشاد موفتی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ پیاوانی ئاینیی پێکهاتە جیاوازەکانی شار هەبووە و سەردانی کەنیشتەکانی کردووە و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکاندا هەوڵی نزیککردنەوەی خەڵکی شاری داوە. ئەو وێنەیەی من بۆ باوکم لە کتێبەکەدا دەخەمەڕوو، وێنەی کەسێکە کە بە تێگەیشتن و گفتوگۆ هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکی داوە و لە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیاندا بەشدارییەکی زیندووی هەبووە."

ئەوەشی گوت، "هەروەها کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانیش تەنیا بە بابەتی ئاینی و دادوەری نەماونەتەوە، بەڵکو بابەتە رۆژانەکانی ژیانی خەڵک، لەوانە بابەتی هاوسەرگیری و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، لەو شتانە بوون خەڵک بۆ چارەسەرکردنیان پەنای بۆ قازی رەشاد موفتی بردووە. ئەم بەشە لە کتێبەکە م دا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە تەنیا کەسایەتیی تاکێک ناناسێنێت، بەڵکو وێنەیەک لە شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکانی هەولێریش لە خۆ دەگرێت."

دەربارەی ئەو کەسایەتییانەی هەولێر لە نووسینەوەی مێژوو باس نەکراون، کەنعان موفتی دەڵێت، "بەشێکی دیکەی کتێبەکەم تەرخان کردووە بۆ ئەو کەسانەی لەوانەیە ناویان لە نووسینەوەی مێژوودا نەهاتبێت، بەڵام لە ژیانی رۆژانەی خەڵک و کۆمەڵگەدا جێپەنجەی خۆیان بەجێهێشتووە. من لە رێگەی ئەم سەربردانەوە دەمەوێت پیشانی بدەم کە مێژووی شار تەنیا بە کەسایەتییە ناسراوەکان و رووداوە گەورەکان دروست نابێت، بەڵکو ژیانی ئەو پیشەوەرانە، کاسبکاران، خەڵکی ئاسایی و ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی سادە ژیانی خۆیان بەسەر بردووە، بەشێکی گرنگی ئەو مێژووەن."

کەنعان موفتی باسی لەوەش کرد، "لە کتێبەکەم دا 16 سەربردەی کەسایەتییەکی دیاری هەولێر، سەلیم قاقام گێڕاوەتەوە و لەگەڵ ئەو سەربردانەشدا هەندێک چیرۆک و گێڕانەوەی خەڵکی شار و باسەکانی ژیانی رۆژانەی هەندێک پیشەوەرم باس کردووە. ئەم چیرۆک و سەربردانە بە شێوەیەک گێڕاومەتەوە کە خوێنەر بتوانێت لە نێو وشەکاندا هەست بە هەولێری کۆن بکات؛ هەولێرێک  ژیانی خەڵکی بە بازار، پیشە، دراوسێیەتی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و گێڕانەوەی چیرۆک لەنێوان خێزان و کۆمەڵگەدا بەستراوەتەوە."

کەنعان موفتی ئەو کتێبە بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت، "گرنگیی ئەم کتێبەم لەوەدایە کە ژیانی رۆژانەی خەڵک و ئەو وردەکارییە بچووکانە دەخەمە پێش چاوی خوێنەر، زۆرجار لە بەڵگەنامە مێژووییە فەرمییەکاندا تۆمار نەکراون. لە ناو چیرۆکەکانی کتێبەکەم دا دەتوانرێت شوێن و کەس و پیشە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ببینرێن و لە رێگەی ئەوانەوە وێنەیەک لە ژیانی رابردووی هەولێر دروست بکرێت."

کەنعان رەشاد موفتی، نووسەر و کەسایەتییەکی دیاری شاری هەولێرە. ئەو بەشێکی زۆر لە ژیانی خۆی لە ناو کۆمەڵگە و ژینگەی کولتووری هەولێر بەسەر بردووە و لە نزیکەوە شاهیدی ژیان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی شار بووە. ئەزموون و یادەوەرییەکانی ژیانی بوونەتە سەرچاوەی نووسین و گێڕانەوەکانی.