قالیباف: ئەمریکا لە گەرووی هورمز شکستیهێناوە و زانیاریی چەواشەکارانە بڵاودەکاتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە بارەی بردنی 130 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی هورمزەوە راست ناکات، گوتیشی،"ئەمریکا لە بری 130 ملیۆن بەرمیل نەوت، 130 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە. 

شەممە 29ـی ئابی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی 14 رۆژی رابردوودا 130 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە گەرووی هورمزەوە بردووەتە دەرەوە.

قالیباف گوتی،" سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لەو زانیارییانەی بڵاوی کردوونەتەوە درۆ دەکات و ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێت واشنتن لە دوو هەفتەی رابردوودا ئەو بڕە نەوتەی رەوانەی دەرەوە کردووە، دوورە لە راستییەوە.

هاوکات روونیکردەوە، لە هەمان کاتدا راپۆرتەکانی ئاژانسی موودیز دەیسەلمێنن کە واشنتن رووبەڕووی تێچوویەکی زۆری جەنگ بووەتەوە کە بڕەکەی 130 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

ئەم قسانەی محەمد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای ئەوە هات، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، هەینی 28ـی ئاب رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ماوەی 14 رۆژی رابردوودا توانیویەتی 130 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی هورمزەوە دەربکات.