هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران لە تورکیا ئاشکرا دەبێت

داتاکانی گەشتوگوزاری تورکیا دابەزینی بەردەوامی ژمارەی گەشتیارانی ئەوروپی نیشان دەدەن

کۆمپانیا گەشتیارییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی گرانبوونی تێچووی ناوخۆیی لە تورکیا، تەنانەت هاووڵاتییانی ناوخۆشی ناچار کردووە پشووەکانیان لە دەرەوەی وڵاتەکەیان بەسەر ببەن.

کەرتی گەشتوگوزاری تورکیا لەبەردەم رکابەرییەکی تونددایە و بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گەشتەکانەوە رووبەڕووی پاشەکشەی ژمارەی گەشتیاران بووەتەوە، ئەمەش مەترسیی لەسەر ناوبانگی ئەو وڵاتە وەک دەوڵەتێکی گەشتیاریی کەمتێچوو دروست کردووە.

داتاکانی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، دابەزینی ژمارەی گەشتیارانی بیانی لەسەر بنەمای ساڵانە نیشان دەدەن؛ بە جۆرێک رێژەی گەشتیاران لە مانگی ئایاردا بە رێژەی 3.6%، لە حوزەیراندا 4% و لە تەممووزدا 0.3% کەمی کردووە، بە تایبەتیش پاشەکشەیەکی بەرچاو لە ژمارەی گەشتیارانی ئەوروپیدا تۆمار کراوە.

شارەزایان پێیان وایە بەشێکی هۆکاری گرانبوونی گەشتوگوزار دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی جێگیرکردنی بەهای لیرە، کە حکwومەت بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان بەکاری دەهێنێت، بەڵام نرخەکانی بۆ خاوەن دراوە بیانییەکان بەرز کردووەتەوە، هاوشانی کاریگەرییەکانی گرژیی ئەمنی لە ناوچەکەدا.

بە پێی زانیاری کۆمپانیا گەشتیارییەکان، وڵاتانی وەک سلۆڤینیا، مۆنتینیگرۆ و تونس توانیویانە بەشێک لەو گەشتیارانە بۆ لای خۆیان رابکێشن کە پێشتر دەچوونە تورکیا. تەنانەت هاووڵاتییانی تورکیاش بەهۆی گرانیی تێچووی ناوخۆوە، پشووەکانیان لە دەرەوەی وڵات بەسەر دەبەن.