ئەعرەجی: پێشمەرگە هێزێکی یاساییە و چەکدانان تەنیا گرووپە نایاساییەکان دەگرێتەوە

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەمنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی هەستیاری پەیوەست بە ئاسایش و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق و رایگەیاند، هێزی پێشمەرگە یاساییە و پرۆسەی چەکدانان نایگرێتەوە.

شەممە 29ـی ئابی 2026، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئەمنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە رایگەیاند، حکوومەت لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی چەک و هێشتنەوەی تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا، روونیشیکردەوە، دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، دەرفەتێکی لەبارتر دەڕەخسێت بۆ ئەوەی گفتوگۆی جددی لەسەر ئەم پرسە بکرێت، جەختیشی کردەوە ئێستا گرووپەکان پابەندن بەوەی هیچ کردەوەیەک دژی وڵاتانی دراوسێ یان لە ناوخۆی عێراق نەکەن.

سەبارەت بە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، ئەعرەجی گوتی،" چەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا دیاریکراوە و ئەو پرۆسەیە پێشمەرگە ناگرێتەوە، هاوکات گوتیشی،" هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چەک تەنیا بۆ ئەو هێز و لایەنانەیە کە لە دەرەوەی دەستوور و یاسان، جەختیشی کردەوە، بەرژەوەندیی عێراق لە سەروو هەموو شتێکەوەیە و توانای ئەوەیان هەیە لایەنەکان رازی بکەن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بکەن.

هەروەها رایگەیاند، هەبوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر خاکی عێراق نایاساییە و بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لەگەڵ لایەنی تورکیا کار دەکەن، گوتیشی: ئەو بارودۆخەی بووەتە هۆی هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق، بە کۆتاییهاتنی دۆسیەی پەکەکە کۆتایی دێت.

ئەعرەجی روونیکردەوە، عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا هەیە و هەوڵدەدات ببێتە پردێکی پەیوەندی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە مافی هەمووان لە ناوچەکەدا بپارێزێت، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی هاوپەیمانان لە 30ـی ئەیلوولدا بەواتای پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتن نییە، بەڵکو عێراق لە گۆڕینەوەی زانیارییە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت.

لەبارەی دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، ئەعرەجی رایگەیاند، لایەنی ئێرانی جەخت لەسەر پێویستی دوورخستنەوەی گرووپە توندڕەوەکان لە عێراق دەکاتەوە و عێراقیش پێداگرە لەسەر کۆتاییهێنان بەو دۆسیانەی زیان بە وڵات و دراوسێیەکانی دەگەیەنن، ئاماژەی بەوەش کرد هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان وڵاتانی کەنداو، عێراق و ئێران پێویستییەکی هەنووکەییە.