کەنەدا و ئەمریکا بەرەو جەنگێکی بازرگانیی توند دەچن؛ کاڵاکان دەبنە ئامانج
مەترسی لەسەر بازاری کلێنکسی تەوالێت هەیە
رابیتەی دارستان و کاغەزی ئەمریکا، داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد کە ترس و دڵەڕاوکێ لە کڕینی کلێنکسی تەوالێتدا نیشان نەدەن، سەرەڕای ئاڵۆزبوونی ململانێ بازرگانییەکانی نێوان واشنتن و ئۆتاوا کە مەترسیی لەسەر نرخی بەرهەمە کاغەزییەکان دروست کردووە.
رابیتەی دارستان و کاغەزی ئەمریکا، داوای لە بەکارهێنەران کرد کە نەکەونە داوی شڵەژان و دڵەڕاوکێوە بۆ کڕینی بە پەلەی کلێنکسی تەوالێت، جەختی کردەوە کە هیچ هۆکارێک بۆ ترس نییە سەرەڕای سەرهەڵدانی ململانێی بازرگانی لە نێوان واشنتن و ئۆتاوا.
گوتەبێژێک بە ناوی رابیتەکەوە رایگەیاند، هێڵەکانی دابینکردنی بەرهەمە کاغەزییەکان لە ناوخۆی ئەمریکادا بە جۆرێک داڕێژراون کە بە شێوازێکی جێگیر پێداویستیی بەکارهێنەران دابین بکەن، بەڵام هۆشداریی دا کە بەرزبوونەوەی کتوپڕی ئاستی داواکاری لە بازاڕدا دەبێتە هۆی دروستبوونی فشار و بارگرانی لەسەر سیستمی دابەشکردن.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە بڕیارە حکومەتی کەنەدا لە 8ـی ئەیلوولەوە لە وەڵامی باجە گومرگییەکانی ئەمریکادا، باجی تۆڵەسەندنەوە بەسەر چەند کاڵایەکی هاوردەکراودا بسەپێنێت، کە کلێنکسی تەوالێت و چەند بەرهەمێکی دیکەی کاغەزی دەگرێتەوە بە رێژەی 25% بۆ 50% هاوشان لەگەڵ کۆمەڵێک کاڵای دیکەی بەکارهێنانی رۆژانە.