ئەمڕۆ پارەی گەنمی جووتیاران لە هەولێر دابەش دەکرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، پرۆسەی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیاران لە هەولێر لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراقەوە دەست پێدەکات. دابەشکردنی ئەو پارەیە بەپێی خشتەی زنجیرەی ناوەکان رێکخراوە.

رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی بۆ جووتیارانی هەولێر و دەوروبەری تەرخان کراوە 19 ملیار دینارە و پەیوەستە بە شایستە داراییەکانی ساڵی 2025ـی جووتیاران، کە بەش بەش دابەش دەکرێت.

سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتنی پارەکە، پەیامنێری کوردستان24 روونیکردەوە، پێویستە ئەو کەسەی ناوی لەسەر چەکەکە نووسراوە بەخۆی ئامادە بێت، یان بە بریکارنامەیەکی یاسایی نوێ کە هی ساڵی 2026 بێت، کاری وەرگرتنەکە رایی بکات.

لە حاڵەتی کۆچی دوایی خاوەن چەکیشدا، رێناس عەلی گوتی: وارسەکان دەبێت دابەشنامەی یاسایی و بریکارنامەی گشت وارسەکان پێشکەش بکەن، یان پێویستە سەرجەم منداڵەکانی ئەو جووتیارە لە بانک ئامادە بن بۆ ئەوەی کارەکانیان بە شێوەیەکی یاسایی رایی بکرێت.

پێشتر سایلۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا خشتەی دابەشکردنی چەکی پارەکەی بۆ جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر و کۆیە بەم شێوەیە بڵاویکردەوە:

 

- یەکشەممە، هەولێر: زنجیرەی (1921) تا (2080).

- دووشەممە، کۆیە: زنجیرەی (360) تا (520).

- سێشەممە، هەولێر: زنجیرەی (2081) تا (2180) - کۆیە: زنجیرەی (521) تا (626).

- چوارشەممە، هەولێر: زنجیرەی (2181) تا (2380).

- پێنجشەممە، هەولێر: زنجیرەی (2381) تا (2479).

 

بەپێی رێنماییەکان، وەرگرتنی شایستە داراییەکان تەنیا بە ئامادەبوونی خاوەن چەک یان بە بریکارنامەی ساڵی 2026 دەبێت و هەر جۆرە بریکارنامەیەکی کۆن کاری پێ ناکرێت.

هەروەها لە کاتی کۆچی دوایی جووتیارەکە، پێشکەشکردنی دابەشنامەی شەرعی یان یاسایی لەگەڵ بریکارنامەی گشت وارسەکان مەرجی سەرەکییە بۆ وەرگرتنی پارەکە.