پەرلەمانی عێراق پێشنیازی کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی زانکۆ ناحکوومییەکان دەکات

لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ ناحکوومییەکان دەستپێکردووە و پێشنیاز کراوە نرخەکان بە رێژەی 50% دابگیرێن، هاوکات کار لەسەر پڕۆژەیاسایەکی نوێ دەکرێت کە تێیدا رەچاوی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکرێت.

چنار حاجی دەربەندی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، وەک لیژنەی خوێندنی باڵا پێشنیازیان کردووە کرێی ساڵانەی خوێندن لە زانکۆ ناحکومییەکانی عێراق بە رێژەی 50% کەم بکرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لەو رێژەیە، دەسەڵات دەدرێت بە زانکۆکان بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن بە رێژەی 15% بۆ 20%، چونکە نرخی ئێستا بارگرانییەکی زۆری لەسەر کەسوکاری قوتابیان دروست کردووە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەندە زانکۆکان باسیان لەوە کردووە کە بەم بڕیارە سەرچاوەی داهاتیان کەم دەبێتەوە، بەڵام لیژنەکەیان سوورە لەسەر کەمکردنەوەی کرێی خوێندن و بە جددی کاری لەسەر دەکەن. بڕیاریشە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسیانە، میوانداری وەزیری نوێی خوێندنی باڵای عێراق بکرێت.

سەبارەت بە رێکخستنەوەی یاسایی زانکۆکان، چنار حاجی دەربەندی ئاشکرای کرد، پڕۆژەیاسای خوێندن لە زانکۆ ناحکوومییەکان ئامادە دەکرێت و بەم زووانە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت. راشیگەیاند، بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکە، گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەن، تاوەکو هەرچی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا بێت لە ناو پڕۆژەیاساکەدا جێگەی بکەنەوە.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرتاسەری عێراق نزیکەی 200 زانکۆ هەن، کە 91 زانکۆیان ناحکوومین و ساڵانە هەزاران قوتابی بڕوانامەیان لێ بەدەست دەهێنن.