مەزهەر محەمەد: بۆ تێپەراندنی قەیرانی دارایی حکوومەت پێویستی بە 10 ملیار دۆلارە

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند، عێراق بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی پێویستی بە 10 ملیار دۆلار هەیە، هاوکات ئاشکرای کرد کە بەغدا پەنا بۆ وەرگرتنی قەرزی دەرەکی دەبات و هۆشداریشی دا لە مەترسییەکانی چاپکردنی دراوی زیاتر.

یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، وڵات رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی قووڵ بووەتەوە و حکوومەت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پێویستی بە بڕی 10 ملیار دۆلارە تا بتوانێت کورتهێنانەکانی پڕبکاتەوە و پابەندییە داراییەکانی جێبەجێ بکات.

مەزهەر محەمەد ئاشکرای کرد، لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی دارایی، حکوومەتی عێراق دەست بە وەرگرتنی قەرزی دەرەکی دەکات، و گوتی: قەیرانە ئابوورییەکە قووڵە و لەم قۆناخەدا پێویستمان بە قەرزکردن هەیە بۆ ئەوەی بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بین.

هۆشداریشی دا لەوەی کە پەنابردن بۆ چاپکردنی دراوی نوێ کێشەی گەورەی ئابووری و هەڵاوسانی لێدەکەوێتەوە، هەربۆیە پەنا بۆ بژاردەی قەرزی دەرەکی دەبەن.