ناتۆ: رووسیا کردەوە تێکدەرانەکانی زیاد کردووە بەڵام هێرشی دەستبەجێ چاوەڕوانکراو نییە
بەرپرسێکی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) رایگەیاند، رووسیا کردەوە تێکدەرانەکان و هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی لە ئەوروپا چڕتر کردووەتەوە، بەڵام هاوپەیمانییەکە لە ئێستادا هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێ بۆ هێرشێکی سەربازی نابینێت.
یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، بەرپرسێکی ناتۆ کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، لە بارەی نەترسی هێرشی رووسیا بۆ سەر وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەرایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی رووسەکان رووبەڕووی بەرگرییەکی زۆر بوونەتەوە لە ئۆکرانیا، بەڵام هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە و هاوکات ئاستی تێکدەری و هێرشە ئەلیکترۆنییەکانیان لە ناو خاکی ئەوروپا زیاد کردووە.
ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، ناتۆ بەردەوامە لە چاودێریکردنی وردی هەموو ئەو هەڕەشانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە و هاوپەیمانییەکە شەو و رۆژ کار دەکات بۆ پاراستنی یەک ملیار هاووڵاتی وڵاتانی ئەندام، هەرچەندە لە ئێستادا مەترسی هێرشێکی کتوپڕ لە ئارادا نییە.
رۆژی شەممە دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ئاماژەی بەوە کردبوو، پێویستە وارشۆ و ناتۆ بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بن، چونکە ناتوانرێت ئەگەری هێرشکردنە سەر وڵاتانی ئەندام لەلایەن رووسیاوە پشتگوێ بخرێت.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (CIA)، سەردانی رووسیای کردووە و لەگەڵ هاوتاکانی کۆبووەتەوە، لەوێشدا پرسی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی رووسیای بۆ سەر یەکێک لە ئەندامانی ناتۆ وروژاندووە.
رۆژی سێشەممە فریدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، حکوومەتەکەی بەم زووانە لایەنی بەرپرس لە هێرشی درۆنەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی "لایپزیگ" ئاشکرا دەکات کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا روویدابوو.
رەتدکردنەوەی ئەم تۆمەتانە لە لایەن رووسیاوە بەردەوامە و مۆسکۆ هەموو تێوەگلانێک لە کارە تێکدەرانەکان لە ئەوروپا رەت دەکاتەوە، هەروەها ئەم جۆرە لێدوانانە بە هەوڵێکی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە قەڵەم دەدات.