فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران: بەهێزەوە بەرگری لە وڵاتەکەمان دەکەین

فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئەگەر دوژمن وابیر بکاتەوە کە بە شەهیدکردنی ژمارەیەک لە رۆڵەکانی هێزی دەریایی، ئەم هێزە لە جووڵە و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی رادەوەستێت، ئەوا لە هەڵەیەکی گەورەدایە، چونکە هێزی دەریایی، پتەوتر و بەهێزتر لە جاران درێژە بە رێگەکەی دەدات.

یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، ئەمیر دەریادار شەهرام، فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کارمەندانی ناوەندی راهێنانی پسپۆڕییە دەریاییەکانی لە شاری رەشت، جەختی لەسەر بەردەوامی رێبازی شەهیدان و خۆڕاگری کارمەندانی ئەم هێزە کردەوە و گوتی: "ئەمڕۆ ئەرکی ئێمە ئەوەیە بەهێزتر و پتەوتر لە جاران بەرگری لە خاک و ئاڵای وڵاتەکەمان بکەین"، گوتیشی،"دەبێت دۆژمن دەیەوێت هێزی وڵاتەکان تێکبشکێنێت، بەڵام ئیرادە و خۆڕاگری سوپا ڕێگری لەو هەوڵە دەکات".

جەختیشی کردەوە، دوژمن لە ناسینی ورەی گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، تووشی هەڵەی لێکدانەوە و حیساباتی چەوت بووە.

فەرماندەی هێزی دەریایی سوپا باسی لەوەش کرد، دەبێت ئاڵای پڕ لە شانازی شەهیدان رادەستی نەوەکانی داهاتوو بکرێت و گوتی: "ئەو ئاڵایەی شەهیدان بە ئێمەیان سپاردووە، دەبێت بە هێز و شکۆوە بپارێزرێت و بگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو؛ چونکە رێگەی سەربەخۆیی و عزەتی ئێرانی ئیسلامی بە خۆڕاگری و راوەستانی رۆڵەکانی ئەم گەلە بەردەوام دەبێت."

لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ هێزی دەریایی هێزێکی زیندوو، چالاکە و کارمەندەکانی بە هەمان ورەی شەهیدانەوە ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن و لە هیچ هەوڵێک بۆ بەرگریکردن لە خاکی ئێران و پاراستنی ئاسایشی گەلی گەورەی ئێران کەمتەرخەمی ناکەن.

ئەم قسانەی فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر چەندان جار رایگەیاندووە، سوپای وڵاتەکەی توانیویەتی هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی تێکبشکێنێت و لەناوی ببات.