لوبنان مامەڵەی تاران لەگەڵ گرووپە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی رەتدەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی لوبنان لە وەڵامی لێدوانەکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ حکوومەت و گرووپە لوبنانییەکان، رایگەیاند، پەیوەندیی نێوان وڵاتان دەبێت تەنیا لە رێگەی دامەزراوە دەستووری و شەرعییەکانەوە بێت، وەزارەتەکە جەختی کردەوە، رێزگرتن لە سەروەریی خاکی وڵاتان بنەمایەکی هاوبەشە و پێشێلکردنی قبووڵ ناکرێت.
یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی لە ئارەزووی عێراقچی کرد بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ حکوومەتی لوبنان، وەزارەتەکە روونی کردەوە، لوبنان هەمیشە هەوڵیداوە باشترین پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم وڵاتان، لەوانەش ئێران هەبێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، حکوومەتی لوبنان هەمیشە گیانی بنیادنەرانەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو پرسەکاندا بەکارهێناوە و چاوەڕوانیش دەکات وڵاتانی دیکە هەمان رێڕەو بگرنەبەر.
وەزارەتی دەرەوەی لوبنان لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا رایگەیاند: " پەیوەندیی نێوان وڵاتان، پێش هەموو شتێک پێویستی بە مامەڵەکردن لە رێگەی دامەزراوە دەستووری و شەرعییەکانیانەوە هەیە، نەک لەگەڵ لایەن یان گرووپەکانی ناو ئەو وڵاتانە".
وەزارەتەکە جەختی لەسەر بنەمای مامەڵەی هاوتا کردەوە و روونی کردەوە، هەروەک چۆن ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکە قبووڵ ناکات باڵیۆزی لوبنان دامەزراوە فەرمییەکانیان تێپەڕێنێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لایەن یان گرووپەکان بەبێ ئاگاداری فەرمی، لوبنانیش ئەم رەفتارە قبووڵ ناکات.
ئەم هەڵوێستەی حکوومەتی لوبنان لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەدا هات، تێیدا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، تاران ئارەزوو دەکات پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرجەم چین و گرووپە لوبنانییەکان هەبێت، هاوکات ئامادەیی ئێرانیشی بۆ بنیادنانی پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی لوبنان دەربڕیبوو.