کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاناراوەکانی عومان کرایە ئامانج
ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە دووری 12 میلی دەریایی لە باکووری ناوچەی "خەسب"ی عومان، بە تەنێکی نەناسراو پێکراوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.
یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، رووداوەکە لە کاتی تێپەڕبوونی کەشتییەکە بەرەو ناوەوەی گەرووی هورمز روویداوە.
راپۆرتە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە برینداربوون یان زیانی ژینگەیی بەهۆی ئەو هێرشەوە تۆمار نەکراوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی 2026ـەوە، کەشتییە بازرگانییەکان لەو ناوچەیە ناوە ناوە دەکرێنە ئامانج.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، رەوشی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت، چونکە ئێران جەخت لە پابەندبوونی کەشتییەکان بە رێنماییەکانی دەکاتەوە و باسی لە سەپاندنی باجی تێپەڕبوون کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو ئەو داواکارییانە رەت دەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە کە گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە و نابێت هیچ بەربەستێکی بۆ دروست بکرێت.