هێمن میرانی: نوێکردنەوەی پۆلیسی کوردستان بە ستانداردە جیهانییەکان جێبەجێ دەکرێت
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چاکسازی لە هەموو سێکتەرەکاندا یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند، لە ماوەکانی رابردوودا هەنگاوی زۆر باش لە کەرتی پۆلیسدا نراوە، بەڵام پێویستە پۆلیسی کوردستان بە گوێرەی پێشکەوتنی ژیان و تەکنەلۆژیا نوێ بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەدای کاری ئەمنی بە باشترین شێوە بێت.
یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، رێکارە نوێیەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ نوێکردنەوەی پۆلیس، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی مامەڵەکردنی کارمەندانی پۆلیسە لەگەڵ هاووڵاتییاندا، هێمن میرانی روونیشیکردەوە، ئەو پڕۆژەیە بە شێوەیەکی ستاندارد جێبەجێ دەکرێت و ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە بە کوالێتییەکی بەرز.
جەختیشیکردەوە، راپۆرتەکان و دەرەنجامی کارەکان دەریانخستووە، هەوڵەکانی پۆلیس بووەتە جێگەی متمانەی خەڵک، رای گشتی ئێستا متمانەیەکی زۆریان بە هێزەکانی پۆلیس هەیە و لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر کێشەیەکدا، بە پەرۆشەوە هانا بۆ بنکەکانی پۆلیس دەبەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان.
گوتیشی:"رێڕەوی چاکسازییەکان بەردەوامە و وەزارەتی ناوخۆ بە پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خولی راهێنان بە سەرپەرشتی راهێنەرانی بیانی و نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانی پۆلیس دەکاتەوە، جەختیکردەوە، دەخوازن مۆدێلێکی نوێ لە بەڕێوەبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن.
دووپاتیکردەوە، رۆڵی هاووڵاتییان لە پاراستنی ئاسایشدا بە گرنگ وەسف کرا و بەڕێوەبەری گشتی دیوان داوای کرد خەڵک ببێتە چاوی پۆلیس و رایگەیاند، دەمانەوێت هاووڵاتییان لە هەموو شوێنێک هاوکار بن لە دەستنیشانکردنی تاوانباران و رێگری لە تاوان، چونکە پاراستنی ئاسایش بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و مەترسییەکانی تاوان بۆ سەر تاک بە تاکی کۆمەڵگەیە.
رۆڵی ئافرەتان لە کەرتی ئەمنیدا تەوەرێکی دیکەی قسەکانی هێمن میرانی بوو، کە تێیدا رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ دەخوازێت رۆڵی ئافرەتان لە لایەنی ئەمنیدا زیاتر بکات، روونیشیکردەوە، لە پڕۆژەی چاکسازیی پۆلیسدا، ئەو کەسەی سەرپەرشتی کارەکان دەکات ئافرەتە، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئافرەتان رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و پەرەپێدانی کەرتی ئەمنی هەرێمی کوردستاندا هەیە.