ناتانیاهۆ: ئێران ئێستا لە هەموو کاتێک بێهێزترە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران بە بەراورد بە رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە، هاوکات ناتانیاهۆ تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی دەستپێکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دەدات.

دووشەممە 31ـی ئابی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردەوە، تا ئەو لە پۆستی سەرۆکوەزیراندا بێت، رێگە نادات ئێران پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، پێویستە مەترسییەکانی ئێران بە یەکجاری بنبڕ بکرێن و چارەنووسی ئەو رژێمە یەکلایی بکرێتەوە.

پێش ئەم لێدوانە، ئیلی کۆهێن، وەزیری وزەی ئیسرائیل بە رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ـی راگەیاند، ئەگەر تاران رێککەوتنێکیش لەگەڵ ئەمریکا بکات، ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئێران لە ئەگەری ئەوەی هەڵەیەک بکات و هەوڵی دەستپێکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی یان بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی بدات.

کۆهێن روونیکردەوە، کارکردن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوامە بۆ ئەوەی رێڕەوێک دروست بکرێت کە بە دوور لە گەرووی هورمز و گەرووی باب مەندەب بێت، ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە جەختیکردەوە، ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە دابینکردنی رێڕەوێکی جێگرەوەیە بۆ گواستنەوەی وزە، ئەوەش بەهۆی ئەو گرژییە ئەمنییانەی کە ئەو دوو گەرووە بەخۆیانەوە دەبینن.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا و ئێران لە مانگەکانی نیسان و حوزەیراندا دوو جار راگەیاندراوی ئاگربەستیان بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە بڵاوکردەوە. سەرەڕای ئەمەش، هەردوو رێککەوتنەکە بە خێرایی هەڵوەشانەوە و نەبوونە مایەی کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی کە نزیکەی شەش مانگە بەردەوامە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی 2025 و لە قۆناغی یەکەمی جەنگی ئێستادا، زیانی گەورەیان بە سێ لەو دامەزراوانەی ئێران گەیاندووە کە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەکاردێن. هەروەها ئەو شوێنانەی گومانی ئەوەیان لێدەکرێت چالاکیی پەیوەندیداریان بە چەکەوە هەبێت کراونەتە ئامانج، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا چەند زانایەکی پلەبەرزی ئەتۆمی کوژراون.

هەروەها هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکا لە مانگی ئایاردا ئەوەیان دەرخستووە، ئەو ماوەیەی ئێران پێویستیەتی بۆ بەرهەمهێنانی ماددە پیتێنراوەکانی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی، رەنگە بگاتە یەک ساڵ. ئەمە لە کاتێکدایە پێش دەستپێکی جەنگەکە، ئەو ماوەیە بە شەش مانگ خەمڵێنرابوو.

رێگریکردن لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، لە لووتکەی ئەو ئامانجانەدایە کە ترەمپ بۆ جەنگەکە رایگەیاندووە. لە بەرامبەردا، تاران بەردەوام ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، هەوڵی بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نادات.