ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر ماڵی خەزوری لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا

رایگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد، ئەو تۆمەتبارەی تەقەی لە ماڵی خەزوری کرد، لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە. 

یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، رایگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی 99ـی زانکۆ لە شاری هەولێر، هاووڵاتییەک بە دەمانچە هێرشی کردووەتە سەر ماڵی خەزووری، لە ئاکامدا خەزوور و هاوسەری تۆمەتبارەکە بریندار بوون، هەروەها خوشکی هاوسەری تۆمەتبارەکەش دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

پۆلیسی ئاماژەی بەوەشکردووە، رێکارە ئەمنییەکان لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستبەجێ دەستیان پێکرد و هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، رێوشوێنەکان بوونە هۆی ئەوەی لە ماوەیەکی پێوانەیی و کورتدا، تۆمەتباری سەرەکیی تاوانەکە بناسرێتەوە و دەستگیر بکرێت.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، رێکاری یاسایی توند بەرامبەر تۆمەتبارەکە دەگیرێتەبەر و لێکۆڵینەوە لە وردەکاری و هۆکارەکانی پشت رووداوەکە بەردەوامە. پۆلیسی هەولێر دووپاتیکردووەتەوە، رێزگرتن لە یاسا و چەسپاندنی سەروەریی یاسا کاری لەپێشینەی هێزەکانی پۆلیسە و جەخت دەکرێتەوە کە هیچ کەسێک لە سزای یاسایی رزگاری نابێت.