سوپای پاسداران: ئەمریکا باجی لێکدانەوە هەڵەکانی دەداتەوە

گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، ئەمریکا لە هەردوو بواری ئابووری و سەربازیدا باجی لێکدانەوەی هەڵەی خۆی دەدات.

دووشەممە 31ـی ئابی 2026، حوسێن موحیببی، لێپرسراوی پەیوەندییە گشتییەکان و گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە هێرشەکەی ئەمشەوی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارەک، رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ تووشی هەڵەیەکی ستراتیژی و کوشندە بووە.

موحیببی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لە ناوەڕاستی جەنگی ئابووریدا، هەڵەیەکە کە هاوسەنگییەکە دژی داڕێژەرانی هێرشەکە دەگۆڕێت و تێچوویەکی زۆر قورس بۆ واشنتن بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

گوتەبێژی سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندی دایە بەرپرسانی ئەمریکا و گوتی: "دوژمن لە هەردوو بواری ئابووری و سەربازیدا، باجی لێکەوتەکانی لێکدانەوەی هەڵەی خۆی دەدات."

ئەم قسانەی گوتەبێژی سوپای پاسدارنی ئێران دوای ئەوە هات، پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە ئاشکرای کرد، لە هێرشێکی ئاسمانیدا، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی مووشەکیی ئێرانیان لە دوورگەی لارک لە کەنداو پێکاوە و تێکیانشکاندوون.

بەپێی گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە، هێرشەکە دوای ئەوە ئەنجامدراوە کە هێزەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە کاتی ئامادەکاریدا بینراون بۆ هاویشتنی مووشەکی هەڵگری مینی دەریایی بۆ ناو گەرووی هورمز، بە مەبەستی چاندنی مین لە رێڕەوی کەشتیوانی و دروستکردنی مەترسی لەسەر هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا.

هاوکات ئاژانسی فارس بڵاوی کردووەتەوە، دەنگی تەقینەوە لە دوورگەی لارک بیستراوە و هۆکاری تەقینەوەکە نەزانراوە

هاوکات تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پێش کاتژمێرێک هێرشێکی درۆنیی دوژمن بۆ سەر دوورگەی لارک لە پارێزگای هورمزگان ئەنجام دراوە.

ئاماژەشی داوە، هەندێک لە ڕاپۆرتە سەرەتاییە ناڕەسمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئەنجامی ئەم هێرشەی ئەمریکی، تا ئێستا دوو کەس کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

باسی لەوەش کردووە، تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمیی یەکلاکەرەوە لەم باریەوە بڵاونەکراوەتەوە.