سێنتکۆم: رێڕەوی 83 کەشتیمان گۆڕیوە و 3 کەشتی دیکەش لە کارخراون

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سوپای ئەمریکا لەوەتەی گەمارۆکانی سەر ئێران لە مانگی تەممووزی رابردوودا دووبارە سەپێنراونەتەوە تا 30ـی ئاب، رێڕەوی 83 کەشتیی بازرگانیی گۆڕیوە.

دووشەممە 31ـی ئابی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم ) روونیکردەوە، لە ماوەی گەرمارۆیی دەرایی سەر ئێران 30 کەشتی بازرگانی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە رێڕەوی رۆیشتنیان گۆڕدراوە، هاوکات لەو ماوەیەدا سێ کەشتییان پەکخستووە و هەڵیانکوتاوەتە سەر 2 کەشتی دیکەش بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکان و دڵنیابوونەوە لێیان، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو رێکارانە بە ئامانجی دڵنیابوونەوەیە لە پابەندبوونی کەشتییەکان بە رێنماییەکانی ئەمریکا.

مانگەکانی نیسان و حوزەیرانی رابردوو، ئەمریکا و ئێران دووجار ئاگربەستیان بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز واژۆ کرد، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی نزیکەی شەش مانگە بەردەوامە، بەڵام هەردوو رێککەوتنەکە رەتکرانەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای هەڵوەشانەوەی رێککەوتنی راگرتنی جەنگ، ئەمریکا لە 13ـی تەممووزدا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی دەستپێکردەوە و سنوورداریی خستە سەر جووڵەی کەشتییەکانی ئەو وڵاتە. ئەو هەنگاوە لەپێناو رێگریکردنە لە تاران بۆ فرۆشتنی نەوت، کە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی دراوی بیانییە بۆ ئابووریی وڵاتەکە.