ئێران وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا دەداتەوە
رەوشی ناوچەکە گۆڕانکارییەکی مەترسیداری بەخۆوە بینی و تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، هێزەکانی وڵاتەکەیان چەندین مووشەکیان ئاراستەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز کردووە.
دووشەممە 31ـی ئابی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەکانەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران لە 32 شاری جیاوازەوە، مووشەکی بەرەو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هەڵداوە.
لە لایەکی دیکەوە، راپۆرتە میدیاییەکانی ئێرانیش پشتڕاستیان کردەوە، چەندین مووشەک لە پارێزگای کرماشانەوە بەرەو ئامانجە ئەمریکییەکان رەوانە کراون.
رەنگدانەوەی ئەم هێرشانە لە باشووری ئێرانیش هەستی پێکراوە و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شاری "سیریک" بیستراوە کە سەرچاوەکان دەڵێن رەنگە پەیوەندی بە چالاکییە سەربازییەکانی ناو گەرووی هورمزەوە هەبێت.
ئاژانسی تەسنیم رایگەیاندووە، دەنگی تەقینەوەی گەورە لە وڵاتی ئوردنیش بیستراوە، ئەمەش نیشانەی فراوانبوونی مەودای پێکدادانەکانە لە ناوچەکەدا.
ئەم هێرشانەی ئێران دوای ئەوە دێت، یەکشەممە 30ـی ئاب، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئەمریکا لە هەنگاوێکی دەستدرێژیکارانەدا هێرشیان کردووەتە سەر دوورگەی لارک لە نزیک گەرووی هورمز، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە چەکدارانی سەر بە سوپای پاسداران و هاووڵاتییانی مەدەنی لەو ناوچەیەدا.
سوپای پاسداران ئاماژەی داوە، هێرشەکەی وەک نیشانەی شکستی واشنتن لە چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکانی و لەدەستدانی پێگەی لە ناوچەکەدا وەسف کرد، و هۆشداریی دا کە ئەم دەستدرێژییە لەلایەن رۆڵەکانی ئێرانەوە بێ وەڵام تێناپەڕێت و دەستبەجێ سزادانی توندی دەستدرێژیکارانی بەدوادا دێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە ئاشکرای کرد، لە هێرشێکی ئاسمانیدا، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی مووشەکیی ئێرانیان لە دوورگەی لارک لە کەنداو پێکاوە و تێکیانشکاندوون.
بەپێی گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە، هێرشەکە دوای ئەوە ئەنجامدراوە کە هێزەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە کاتی ئامادەکاریدا بینراون بۆ هاویشتنی مووشەکی هەڵگری مینی دەریایی بۆ ناو گەرووی هورمز، بە مەبەستی چاندنی مین لە رێڕەوی کەشتیوانی و دروستکردنی مەترسی لەسەر هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا.