بەرپرسێکی ئەمریکی: بەرپەرچی مووشەکەکانی ئێرانمان لە ئوردن دایەوە
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، ئێران وەڵامی هێرشەکانی واشنتنی داوەتەوە و هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردن، بەڵام هێرشەکان بێ زیان بوون و لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەرپەرچ دراونەتەوە.
دووشەممە 31ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی ئەمریکی بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی راگەیاندووە، هێزەکانی ئەمریکا چەند پێگەیەکی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، ئاماژەی بەوەشکردووە، رێوشوێنەکە بە مەبەستی رێگریکردن بووە لەوەی ئێران مینی دەریایی لە ناو گەرووی هورمزدا بڵاو بکاتەوە و ئاسایشی کەشتیوانی بخاتە مەترسییەوە.
هاوکات بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی بە تۆڕی "فۆکس نیوز"ی راگەیاند، ئەو هێرشە مووشەکییانەی لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە سەر هێزەکانیان لە ناو خاکی ئوردن، هیچ زیانێکی گەورەیان لێ نەکەوتووەتەوە.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لە تێکشکاندن و خستنەخوارەوەی سەرجەم ئەو مووشەکانەی کە ئاراستەی بنکەکانیان کراون.
ئەم هێرشانەی ئێران بۆ سەر ئوردن و بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لەو وڵاتە لە کاتێکدایە، یەکشەممە 30ـی ئاب، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئەمریکا لە هەنگاوێکی دەستدرێژیکارانەدا هێرشیان کردووەتە سەر دوورگەی لارک لە نزیک گەرووی هورمز، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە چەکدارانی سەر بە سوپای پاسداران و هاووڵاتییانی مەدەنی لەو ناوچەیەدا.
سوپای پاسداران ئاماژەی داوە، هێرشەکەی وەک نیشانەی شکستی واشنتن لە چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکانی و لەدەستدانی پێگەی لە ناوچەکەدا وەسف کرد، و هۆشداریی دا کە ئەم دەستدرێژییە لەلایەن رۆڵەکانی ئێرانەوە بێ وەڵام تێناپەڕێت و دەستبەجێ سزادانی توندی دەستدرێژیکارانی بەدوادا دێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە ئاشکرای کرد، لە هێرشێکی ئاسمانیدا، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی مووشەکیی ئێرانیان لە دوورگەی لارک لە کەنداو پێکاوە و تێکیانشکاندوون.
بەپێی گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە، هێرشەکە دوای ئەوە ئەنجامدراوە کە هێزەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە کاتی ئامادەکاریدا بینراون بۆ هاویشتنی مووشەکی هەڵگری مینی دەریایی بۆ ناو گەرووی هورمز، بە مەبەستی چاندنی مین لە رێڕەوی کەشتیوانی و دروستکردنی مەترسی لەسەر هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا.