خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە ئاستەنگەوە دەست پێ دەکات

قوتابیانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک
قوتابیانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک

بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە چەندین کێشە و کەموکوڕییەوە ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکات و بەڕێوەبەر و مامۆستایانیش دڵنیایی لە سەرخستنی پرۆسەکە دەدەن.

کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، جگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە، هیچ لایەنێکی فەرمیی دیکە لە کەرکووک و عێراق هاوکارییان ناکەن، گوتیشی: لە هەنگاوێکی نوێدا هەزار مامۆستایان کردووەتە گرێبەست.

سەبارەت بە کێشەی ژێرخانی پەروەردەیی، کامەران روونیکردەوە، زیاتر لە 100 قوتابخانە پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە و 40 قوتابخانەی دیکەش پێویستییان بە زیادکردنی پۆلی خوێندن هەیە، ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە، چەندین جار داواکارییان ئاراستەی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک کردووە، بەڵام داواکارییەکانیان بێ ئەنجام بوون و هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە.

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک باسی لەوەش کردووە، تەنیا ژمارەیەک رێکخراو، بەتایبەت دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەند قوتابخانەیەکیان بۆ نۆژەنکردوونەتەوە، ئەگەرنا لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە هیچ قوتابخانەیەکی نوێ بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکووک دروست نەکراوە، ئێستا 30 قوتابخانەی خوێندنی کوردی سێ دەوامی تێدا دەکرێت و پێداویستییەکانیان تەواو کۆن و بێ کەڵک بوون.

سەرەڕای ئەو ئاستەنگانە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دڵنیایی دا، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو پرۆسەکە سەردەخەن و لەسەر ئاستی عێراق لە پلەکانی یەکەم و پێشەوە دەمێننەوە، کامەران ئاشکرای کرد، ئەمساڵ 1,200 قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە چوونەتە خوێندنی کوردی و بەردەوام قوتابی نوێ تۆمار دەکەن.

دەشڵێت: تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک کتێب لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەدەستیان گەیشتووە، چاوەڕوان دەکرێت چەند رۆژێکی دیکە بە بەشداریی نزیکەی 100 هەزار قوتابی و هەشت هەزار و 200 مامۆستا لە 558 قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ بکات.

بەپێی ئامارەکان، 141,322 قوتابیی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە 738 قوتابخانە و لەژێر سەرپەرشتیی 15,943 مامۆستا و فەرمانبەردا، بە خوێندنی کوردی سەرقاڵن.