شارەوانی هەولێر هەڵمەتی رێکخستنەوەی بازاڕ و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان چڕ دەکاتەوە

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، بەردەوامن لە رێکخستنەوەی بازاڕ و شەقامە گشتییەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاستەنگییەکانی هاتوچۆ، هاوکات سەرۆکی شارەوانیش رایدەگەیەنێت، بۆ خزمەتی هاووڵاتییان چەندین پڕۆژەی وەک دانانی پانکەی فێنککەرەوە و دەستشۆری گشتی جێبەجێ دەکەن.

کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە بازاڕی ئیسکان و سەنتەری شار هەڵمەتی رێکخستنەوە بەردەوامە، ئامانجمان رێکخستنی دۆخی بازاڕ و ئاسانکارییە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان".

سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوەش کرد، بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان چەند بیرۆکەیەکیان جێبەجێ کردووە، یەکێک لەوانە دانانی پانکەی فێنککەرەوەیە لە شوێنە قەرەباڵغەکان، بەهۆی ئەوەی پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

کارزان هادی گوتیشی: "بڕیارمان داوە چەند دەستشۆرێکی گشتی لە شوێنە قەرەباڵغەکانی هەولێر دابنێین بۆ ئەوەی خەڵک لە کاتی سەردانیکردندا سوودی لێ ببینن، سەرەتاش لە باخی شار دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەکرێت و دواتر بۆ شوێنەکانی دیکەش دەگوازرێتەوە".