بانکی ناوەندیی عێراق: قەرزە ناوخۆییەکان بەرزبووەتەوە
بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کردووە، قەبارەی قەرزی گشتیی ناوخۆیی عێراق تا کۆتایی حوزەیرانی 2026 گەیشتووەتە 106.072 ترلیۆن دینار، ئەم بڕە بەراورد بە مانگی ئایاری رابردوو کە 103.179 ترلیۆن دینار بووە، بە رێژەی 2.893 ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، بەپێی ئەو داتایانەی بانکی ناوەندیی عێراق بڵاوی کردوونەتەوە، قەرزی ناوخۆیی لە کۆتایی ساڵی 2025، 90.515 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام لە کۆتایی حوزەیرانی 2026 بەرزبووەتەوە بۆ 106.072 ترلیۆن دینار، ئەم ئامارانە ئەوە دەخاتە روو لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 15.557 ترلیۆن دینار قەرزی ناوخۆیی زیادی کردووە.
قەرزە ناوخۆییەکە بەسەر چەند بوارێکدا دابەش بووە، کۆی داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی لە بەرامبەر بانکی ناوەندی تا کۆتایی حوزەیران گەیشتووەتە 67.499 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا ئەو بڕە لە کۆتایی ئایار 63.199 تریلیۆن دینار بووە.
هاوکات لە داتاکاندا هاتووە، بڕی حەواڵەی گەنجینە گەیشتووەتە 8.742 تریلیۆن دینار، هەروەها قەرزەکان 18.964 تریلیۆن دینار و سەنەدەکانیش 10.867 تریلیۆن دیناریان تۆمار کردووە.
بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆیی لە کاتێکدایە تا کۆتایی ئایار 46.697 ترلیۆن دینار وەک خەرجی گشتی تۆمار کراوە، لە بەرامبەردا داهاتی گشتی 33.747 ترلیۆن دینار بووە، ئەم جیاوازییە بەردەوامەی نێوان داهات و خەرجییەکان، حکوومەتی ناچار کردووە بۆ دابینکردنی پێداویستییە داراییەکان پشت بە ئامرازەکانی قەرزکردن ببەستێت.