زانکۆکاکانی کوردستان وادەی جیاجیان بۆ دەستپێکی خوێندن دانا
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رۆژی 1ـی ئەیلوولی وەک یەکەم رۆژی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان دیاری کردووە، بەڵام زانکۆی سلێمانی و سەلاحەددین وادەی دیکەیان بۆ دەستپێکی خوێندن دەستنیشان کرد و تەنیا زانکۆی هەڵەبجە پابەندی بڕیارەکەی وەزارەت بوو.
زانکۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیانی ئاگادار کردەوە کە رۆژی شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 دەبێت، بەمەش زانکۆکە نزیکەی 20 رۆژ دەستپێکی خوێندنی لەو وادەیە دواخست کە وەزارەت دیاری کردبوو.
هاوکات زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر، رۆژی 13ـی ئەیلوولی وەک یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دیاری کردووە. لە بەرامبەریشدا زانکۆی هەڵەبجە پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا نیشاندا و رۆژی 1ـی ئەیلوولی وەک یەکەم رۆژی خوێندن دەستنیشان کرد.
سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، گشت ئامادەکارییە ئیدارییەکان ئەنجام دراون و خزمەتگوزارییەکانی بەشە ناوخۆییەکانیش دابینکراون، داواش لە قوتابیان دەکات لە 19ـی مانگدا بەپێی خشتەی وانەکانیان سەردانی کۆلێژەکانیان بکەنەوە.
ئەم جیاوازییە لە دیاریکردنی رۆژی دەستپێکی خوێندن لە کاتێکدایە، وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی لەوە کردبووەوە کە پێویستە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکان لە 1ـی ئەیلوولەوە دەست بە ساڵی نوێی خوێندن بکەن.